سوپای عێراق سێشه‌ممه (10 ئه‌یلول) هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوانی ئه‌نجامدا بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ناوچه و شارۆچكه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار كه له شه‌ڕی وه‌ده‌رنانی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش)دا زیانیان به‌ركه‌وتووه.
فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی جه‌زیره و بادیه، لیوا قاسم محه‌مه‌دی به دیارونای وت دوای لابردنی ته‌واوی مین و ته‌قه‌مه‌نییه چێنراوه‌كان، یه‌كه ئه‌ندازیارییه‌كانی سوپای عێراق ده‌ستیانكرد به یارمه‌تیدانی دانیشتوانی ناوچه‌كانی قائیم، روتبه، هیت و شارۆچه‌كه‌كانی تر بۆئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ژیانی ئاسایی خۆیان.
ناوبراو وتی یه‌كه‌كان رێگا و پرد و بینا خزمه‌تگوزارییه‌كان نۆژه‌نده‌كه‌نه‌وه كه له ئه‌نجامی هێرشه‌كانی داعشدا له خزمه‌تگوزاری كه‌وتوون.
محه‌مه‌دی وتی: "له‌ڕێی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌وه، سوپای عێراق ده‌یه‌وێت پارێزه‌ری ئه‌من و ئاسایش بێت و هاوبه‌شێكیش بێت له سه‌قامگیری و به‌ره‌وپێشبردنی خزمه‌تگوزارییه‌كاندا."
وتی هه‌ڵمه‌ته‌كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌لایه‌ن دانیشتوانی ناوچه‌كانه‌وه پێشوازیی لێكرا. وتیشی ئه‌مه "ده‌بێته هۆی هه‌ماهه‌نگییه‌كی به‌رده‌وامی نێوان هێزه ئه‌منییه‌كان و هاوڵاتیان".