http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/newsbriefs/2019/08/02/newsbrief-01

×
×

هێرشه‌ ئاسمانییه‌كان له‌ ئیدلیبی سوریا راده‌وه‌ستن دوای راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست

هێرشه‌ ئاسمانییه‌كان له‌ هه‌رێمی ئیدلیب راوه‌ستان هه‌ینی (2 ئاب) دوای ئه‌وه‌ی رژێمی سوریا رایگه‌یاند ئاگربه‌ستێكی په‌سه‌ندكردووه‌، به‌گوێره‌ی ئاژانسی فرانس پرێس.

رژێم پێنجشه‌ممه‌ ئاگربه‌ستێكی په‌سه‌ندكرد له‌ هه‌رێمی ئیدلیب، كه‌ به‌شی زۆری له‌ژێرده‌ستی ته‌حریر شامدایه‌ و له‌وێ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی رژێم و روسیا و تۆپبارانه‌كان سه‌دان كه‌سیان كوشتووه‌ له‌ نیسانه‌وه‌، كه‌ زۆریان مه‌ده‌نی بوون.

ئاگربه‌سته‌كه‌ ئێواره‌ی پێنجشه‌ممه‌ ده‌ستیپێكرد، به‌مه‌رجی جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنێك له‌نێوان توركیا و روسیادا بۆ سه‌پاندنی ناوچه‌یه‌كی هێوركردنه‌وه‌ به‌ده‌وری هه‌رێمه‌كه‌دا.

سه‌رۆكی رێكخراوی روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، رامی عه‌بدولڕه‌حمان وتی: "ئارامییه‌ك به‌وریاییه‌وه‌ كه‌مێك پێش نیوه‌شه‌و هاته‌ ئاراوه‌."

وتی فڕۆكه‌ سوری و روسییه‌كان چی دی نه‌ده‌بینران به‌ ئاسمانی ئیدلیبدا بفڕن، له‌كاتێكدا "شه‌ڕ له‌سه‌ر زه‌ویش له‌ هه‌موو به‌ره‌كاندا راوه‌ستا له‌ چه‌ند كاتژمێری رابردوودا".

سیستمێكی هۆشداریدانی پێشوه‌خته‌ كه‌ ناسراوه‌ به‌ سێنتری (پاسه‌وان) دواهه‌مین هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی بۆسه‌ر خان شه‌یخون تۆماركرد، ته‌نها دوو خوله‌ك پێشئه‌وه‌ی ئاگربه‌سته‌كه‌ ده‌ستپێبكات له‌ نیوه‌شه‌ودا.

ئه‌م به‌رنامه‌ی پاسه‌وانه‌ كه‌سانێك وه‌ك چاودێر به‌كارده‌هێنێت له‌گه‌ڵ تۆڕێك له‌ چه‌ندین هه‌سته‌وه‌ر بۆ خه‌مڵاندنی ئه‌و جێگایه‌ی ده‌كرێته‌ ئامانج كاتێك فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی سوریا یان هاوپه‌یمانان هه‌ڵده‌ستن.

ئه‌و خه‌مڵاندنه‌ی به‌ده‌ستدێت، ده‌توانێت ئاژێره‌كان (سه‌فاره‌)ی هۆشداریدان بخاته‌كار له‌نزیكی ناوچه‌ی ئامانجه‌كه‌ و هۆشداریش بنێرێت بۆ ته‌له‌فۆنه‌ مۆبایله‌كان تا كاتی زیاتر بدات به‌ دانیشتوان خۆیان بشارنه‌وه‌.

سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌نتۆنیۆ گوتێرێس، پێنجشه‌ممه‌ هیوای خۆی ده‌ربڕی به‌وه‌ی ئاگربه‌سته‌كه‌ به‌رده‌وامبێت و رایگه‌یاند كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ چه‌ندین هێرش ده‌كۆڵێته‌وه‌ بۆسه‌ر ئه‌و داموده‌زگایانه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان پشتگیرییان ده‌كات و شوێنه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی تریش له‌ باكوری خۆرئاوای سوریا.

وته‌بێژێكی گوتێرێس له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌ مه‌به‌ستی راگه‌یاندنی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌، وتی: "لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ رووماڵی وێرانكاری یان زیانپێگه‌یاندنی ئه‌و داموده‌زگایانه‌ ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر لیستی هێوركردنه‌وه‌ن و ئه‌و داموده‌زگایانه‌ش كه‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ پشتگیری ده‌كرێن له‌ ناوچه‌كه‌."

وتیشی: "سكرتێری گشتی داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كات هاریكاری بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ هه‌ر كه‌ دامه‌زرا."

له‌ڕێگای تویته‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ لەڕێگەی فەیسبووکەوە پەیوەندی بکە
ئەم بابەتەت بەدڵە؟
0
0

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین Captcha