هه‌واڵه‌كانی عێراق

عێراق چەند جەستەیەك دەدۆزێتەوە کە دەوترێت کوردی کوژراوی دەستی سەددامن

عێراق سێشەممە (23 تەمموز) دەستیکرد بە هەڵدانەوەی پاشماوەی دەیان قوربانی، لەنێویاندا منداڵ، کە دەکرێت لەکاتی هەڵمەتی دیکتاتۆری پێشوودا، سەددام حسێن، کوژرابن لەدژی کوردانی وڵاتەکە، بەرپرسێکی پزیشکی دادوەری بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت.

بەرپرسی بەڕێوبەرێتی پزیشكی یاسایی له‌ بەغدا، زەید یوسف، کە ئەرکی ناسینەوەی پاشماوەکانی پێسپێردراوە، وتی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە لە تەل شەیخیە دۆزرایەوە، کە نزیکەی 300 کیلۆمەتر باشوری بەغدایە.

یوسف وتی: "زیاد لە 70 جەستە، لەنێویاندا ژن و منداڵ، لە کۆرپەوە بۆ 10 ساڵ" تائێستا هەڵدراونەتەوە.

وتیشی ئەوانەی دۆزرانەوە لە چینی سەرەوەی شوێنەکە بوون، بەڵام "دەکرێت چینێكی دووەمی قوڵتر هەبێت" کە جەستەی دیکەی تێدابێت.

یوسف وتی: "بەڵگەی کۆکراوە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە 1988 کوژراون،" کە هاوکاتە بە هەڵمەتی کوشندەی "ئەنفال" دژی کوردەکانی عێراق.

ئۆپەراسیۆنەکە لەنێوان 1987 و 1988 ئەنجامدرا و تێیدا نزیکەی 180,000 کورد کوژران و زیاد لە 3,000 گوند وێرانكران.

یوسف وتی: "قوربانییە ژنەکان چاویان بەستراوەته‌وه‌ و دواتر فیشەکێك نراوە بەسەریانەوە و کوژراون، بەڵام پاشماوەی چه‌ندین فیشه‌كیش به‌ جەستەیانه‌وه‌ هه‌یه‌ کە بە هەڕەمەکی تەقێنراون."

ئەو گۆڕە لە پارێزگای موسەننایه‌ له‌ باشور، کە کەمپی زیندانی بەدناوی نوگرە سەلمانیشی لێیه‌.

زۆرێك لە کوردان و دژەکانی رژێمی پێشوو لەوێ دەستبەسەردەکران و رزگاربووان باسیان لە رووداوی ریسواکردن و لاقەکردن و دەستبەسەرکردنی هەرزەکاران کرد لەکاتی دادگاییكردنی سەددامدا له‌ 2006.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500