هه‌واڵه‌كانی عێراق

فەرماندەی سه‌ربازیی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست یەکەم سەردان دەکات بۆ باکوری سوریا

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، کێنێس مێكکێنزی دووشەممە (22 تەمموز) بۆ یەکەمجار، دوای وەرگرتنی پۆستەکەی، سەردانی باکوری سوریای کرد، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

مێكکێنزی -- کە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا دەکات لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست -- لەکۆتایی مانگی ئازاردا شوێنی ژەنەراڵ جۆزێف ڤۆتێلی گرتەوە.

رۆیشتنی ڤۆتێڵ چەند رۆژێکی کەم دوای گرتنەوەی دوایین خاکی ژێردەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە خۆرهەڵاتی سوریا بوو لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)وە بەپشتیوانیی ئەمریکا.

دوای هەڵمەتێکی چەند مانگە، کوردانی سوریا لەئێستادا بە هەزاران گومانلێکراوی داعشیان لە زیندانەکان داناوە و دەیان هەزار ژن و منداڵیش لە کەمپە جەنجاڵەکانی ئاوارەیی لە چەند بەشێکی باکوری خۆرهەڵاتی سوریادان کە لەژێر دەستیاندایە.

چەند جارێك داوایان لە نەتەوە بیانییەکان کردووە بۆ وەرگرتنەوەی نزیکەی 1,000 چەکداری توندڕەوی بیانیی گومانلێکراو و دەیان هەزار ژن و منداڵ کە خەڵکی سوریا نین و پەیوەندییان بە گروپەکەوە هەیە، بەڵام زۆربەی وڵاتان دوودڵن.

ئەو هاوپەیمانێتیە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند كه‌ لەکاتی سەردانەکەیدا، مێكکێنزی و فەرماندەی هەسەدە مەزڵوم عەبدی تاووتوێی "کێشەی کەمپەکان و داعشە زیندانییەکانی ژێردەستی هەسەدەیان" كرد.

راشیگەیاند كه‌ هەروەها باسیان لە هەماهەنگیی نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەسەدە کرد بۆ ئەنجامدانی بەدواکەوتنی شانە نوستووەکانی داعش.

ئەو گروپە توندڕەوە بەردەوامبووە لە لەئەستۆگرتنی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراوی کوشندە و هێرشی گڕبەردان لە دەغڵە گه‌نمه‌ گرنگەکانی ناوچەکانی ژێردەستی هەسەدە، سەرەڕای شکستی له‌سەر زەمین.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500