دادوەری گشتی هەرێمی جهبهل تاریقی بەریتانی وتی دادگای باڵای جەبەل تاریق هەینی (19 تەمموز) بڕیاریدا کە دهشێت دهستبهسهرداگرتنی کەشتییەكی ئێرانی بۆ 30 رۆژی تر درێژبكرێتهوه، وتیشی كه كهشتییهكه گومانی ئهوهی لێدهكرێت سزای سەپێنراو بەسەر ناردنی نەوت بۆ سوریای پێشێلكردبێت.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند کەشتی زەبەلاحی گرەیس 1، کە 2.1 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەڵگرتووە، لەلایەن هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانی و پۆلیسی جەبەل تاریقەوە رێی لێگیرا لە 4 تەمموزدا لەکاتێکدا بە ئاوی جەبەل تاریقدا دهڕۆشت، كه دهكهوێته ئەوپەڕی باشوری ئیسپانیاوە.
فەرمانی دەستبەسەراگرتنی سەرەتایی کەشتییەکە دوای هەینی کۆتایی دێت. فەرمانەکە دەکرێت بۆ ماوەی 90 رۆژ درێژبکرێتەوە.
سەرەکوەزیرانی جەبەل تارق فابیان پیکاردۆ بە پەرلەمانی هەرێمەکەی وت: "خۆشحاڵین بەوەی بەردەوام بین بە کارکردنی بنیاتنەرانە و ئەرێنیانە لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بۆ ئاسانکارییکردن بۆ ئازادکردنی کەشتی گرەیس 1 بهگوێرهی تەواوی رێکارە یاساییەکان."
پیکاردۆ پێنجشەممە وتی کۆبوونەوەیەکی "بنیاتنەرانە و ئەرێنی" لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کردووە لە لەندەن بەمەبەستی هێورکردنەوەی بارگرژیی دەستبەسەراگرتنی کەشتییە ئێرانیەکە لە ئاوەکانی بەریتانیادا.
بەرپرسانی جەبەل تاریق و ئەمریکا پێیانوایە کەشتیەکە بهڕێوه بووه بۆ سوریا تا نهوت بگوازێتهوه کە ئهمهش پێشێلکردنی سزا جیاوازەکانی یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکایە.
ئێران کاردانەوەی توندی هەبوو و هۆشداریی دا لەوەی دەستبەسەراگرتنهكه بێ وەڵام نابێت.
هەفتەی رابردوو، کەشتییەکی جەنگی بەریتانی لە کەنداو هۆشداریی دا بە بەلەمە جەنگییە ئێرانییەکان کە هەوڵی وەستاندنی کەشتیەکی زەبەلاحی بەریتانییان دا. لەندەن لەو کاتەوە رایگەیاندووە دوو کەشتی جەنگی دیکە دەنێرێت بۆ کەنداو لە چەند مانگی داهاتوودا.