فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان پێنجشەممە (13 حوزەیران) رایگهیاند ئەنجامدەرانی ئەو شەش تەقینەوەیەی پارێزگای کەرکوکیان هەژاند لە 30 ئایار دەستگیرکران.
فەرماندەییەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگهیاند: "هێزە ئەمنییەکانمان بە کارکردن لەسەر زانیارییە هەواڵگرییەکان دوو تیرۆریستی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)یان دەستگیرکرد کە چەند تەقەمەنییەکی دەستکردیان لە کەرکوك چاندبوو شەوی 30 ئایار."
وتی گومانلێکراوی یەکەم، کە دانیشتووی گوندی قەهارەیە لە ریاز، لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا ددانیناوە بە چاندنی تەقەمەنی دەستکردا لە شەقامی قودس و لەسەر رێگای خێرای بەغدا بە بەکارهێنانی توێتایەکی لاندکرۆزەر، ئەمەشی لەگەڵ گومانلیکراوی دووەمدا کردووە کە لە دوای ددانپێدانانی گومانلێکراوی یەکەم دەستگیرکرا.
بهگوێرهی بەیاننامەکە هەردووکیان ددانیاننا بەوەدا کە سەر بە داعش بوون و کاریان بۆ گروپەکە کردووە لە دوای 2014ەوە.
راشیگهیاند: "هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکانیاندا بۆ دەستگیرکردنی هەموو ئەوانەی بەشدارییانکردووە لە هێرشەکاندا، جا ئەوانەبن کە هاوکاریانبوون یان ئەوانەی راستەوخۆ تەقینەوەکانیان ئەنجامداوە."