به‌لجیكا شه‌ش منداڵی بێدایكوباوك له كه‌مپه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كورده‌كان له سوریاوه ده‌باته‌وه وڵاته‌كه‌ی دوای مردنی دایكوباوكه تووندڕهوهكانیان، به‌گوێره‌ی لێدوانێكی وه‌زیری دارایی، ئه‌لێكسانده‌ر دۆ كرۆ پێنجشه‌ممه (13 حوزه‌یران) كه له‌لایه‌ن ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوكرایه‌وه.
دوای بڕیارێكی حكومه‌ت، وه‌زیره‌كه به رادیۆی ڤی ئاڕ تی وت: "ئه‌و منداڵانه له وڵاتی ئێمه‌دا له‌دایكبوون و ئه‌مڕۆ چیتر دایكوباوكیان نییه."
به‌لجیكا یه‌كێك له‌و چه‌ند وڵاته ئه‌وروپییه‌یه كه گیرۆده‌ی ئه‌وه‌ن چی له‌و هاوڵاتیانه‌یان بكه‌ن كه له سوریا گیریانخواردووه له دوای شكستی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش).
هه‌ندێكیان بێده‌نگن له وه‌رگرتنه‌وه‌ی چه‌كداره تووندڕه‌وه ده‌ستگیركراوه‌كان، به‌ڵام كه‌یسی منداڵان و ژنانی ناچهكدار دۆخه‌كه‌ی بۆ به‌رپرسانی خۆرئاوا زیاتر ئاڵۆزكردووه.
چوارشه‌ممه، وه‌زیری ده‌ره‌وه دیدیه‌ر رێیندهرس وتی به‌لجیكا رێكه‌وتنێكی واژۆكردووه بۆ رێگه‌دان به گه‌ڕاوه‌كان كه له هه‌رێمی كوردستانی عێراقه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه.
ئه‌و كۆمه‌ڵه چه‌كدارانه‌ی داعش و ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان كه له‌كاتی شكستی گروپه‌كه‌دا ده‌ستگیركران، ئێستا له سوریا له چه‌ند كه‌مپێكی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كورده‌كاندا ده‌ستبه‌سه‌رن.
دۆ كرۆ وتی ته‌مه‌نی چوار له‌و شه‌ش منداڵانه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه زیاتره له 10 ساڵ، به‌ڵام هیچ كامێكیان گومان‌لێكراو نه‌بوون.
ناوبراو وتی: "ئه‌و منداڵانه به ته‌نیا له كه‌مپه‌كاندا بوون، هیچ پشتگیرییه‌كیان نه‌بوو. هیچ قسه‌یه‌كیش له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و دایكوباوكانه نییه كه خۆیان هه‌ڵیانبژاردووه بچنه ڕیزی گروپه تیرۆرریستهكانهوه."
وتیشی: "ئه‌و منداڵانه هیچ بژارده‌یه‌كی تریان نه‌بوو."
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كانی میدیای به‌لجیكا، 50 بۆ 60 منداڵی به‌لجیكیی ژێر ته‌مه‌نی 18 ساڵ له كه‌مپه‌كانی حۆل و رۆژ و عه‌ین عیسادان له سوریا.