ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی عێراق سێشه‌ممه (11 حوزه‌یران) نكوڵیی كرد له رێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ پاریس‌دا بۆ هه‌مواركردنی ئه‌و سزای مه‌رگانه‌ی به‌سه‌ر هاوڵاتییه فه‌ره‌نسییه‌كاندا سه‌پێنراوه له به‌غدا له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییان به "ده‌وڵه‌تی ئسلامی" (داعش)ه‌وه.
دادگایه‌ك له به‌غدا له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی رابردوودا سزای مه‌رگی سه‌پاند به‌سه‌ر 11 پیاوی فه‌ره‌نسیدا كه له سوریای دراوسێوه راده‌ستی عێراق كرابوون، كه له‌وێ له‌میانه‌ی شه‌ڕكردندا بۆ داعش ده‌ستگیركرابوون.
به‌گوێره‌ی وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق، عه‌بدولسه‌تار به‌یره‌قدار، ته‌نیا بڕیاری دادگا -- نه‌وه‌ك رێكه‌وتنێكی دوولایه‌نه -- توانای گۆڕینی سزاكانیانی هه‌یه.
ناوبراو سێشه‌ممه رایگه‌یاند: "ئه‌و سزایانه‌ی له‌لایه‌ن دادگاكانی عێراقه‌وه ده‌رده‌چن ته‌نیا له‌لایه‌ن دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌وه ده‌توانرێت پێداچوونه‌وه‌ی بۆ بكرێت -- كه به‌پێی یاسا ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه سزاكه په‌سه‌ندبكات یان بیگۆڕێت به‌پێی دۆخی هه‌ر تاوانێك -- نه‌وه‌ك به‌پێی رێكه‌وتنی نێوان وڵاتان."
به‌یاننامه‌كه‌ی دوای ئه‌و راپۆرتانه هات كه رایانگه‌یاند حكومه‌تی عێراق رێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ پاریس واژۆكردووه بۆ ئاسانكردنی سزای مه‌رگی هاوڵاتییه فه‌ره‌نسییه‌كانی له به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌دا.
سزای 11 كه‌سه‌كه هێشتا به‌كۆتایی نه‌گه‌یشتووه.
به‌گوێره‌ی یاسای عێراقی، تاوانباران 30 رۆژیان هه‌یه بۆئه‌وه‌ی تانه له هه‌ر بڕیارێك بده‌ن و ئه‌وانه‌شی سزای له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه، تانه‌لێدانه‌كه‌یان راسته‌وخۆ ده‌نێردرێت بۆ دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه.
به‌گوێره‌ی پارێزه‌ری یه‌كێك له سزادراوه‌كان، موزه‌فه‌ر جه‌ریان، له‌وێ بڕیاره‌كه له‌لایه‌ن 12 دادوه‌ره‌وه پێداچوونه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت.