ئیداره‌ی كوردی له باكوری خۆرهه‌ڵاتی سوریا 12 منداڵی بێدایكوباوكی له‌دایكبووی خێزانه تووندڕه‌وه‌كان راده‌ستی وه‌فدێكی حكومه‌تی فه‌ره‌نسا كرد، ئاژانسی فرانس پرێس دووشه‌ممه (10 حوزه‌یران) رایگه‌یاند.
منداڵه‌كان، كه گه‌وره‌ترینیان ته‌مه‌نی 10 ساڵه، پێشتر له‌و كه‌مپانه‌دا ژیاون كه هێشتا ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌وانه‌ی به‌هۆی شه‌ڕی دژی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش)ه‌وه هه‌ڵاتوون، له‌وێ نیشته‌جێن.
به‌رپرسێكی باڵای په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه، عه‌بدولكه‌ریم عومه‌ر له به‌یاننامه‌یه‌كدا وتی به‌رپرسانی كورد "12 منداڵی بێدایكوباوكی چه‌ند خێزانێكی داعش"یان راده‌ستی "وه‌فدێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا" كرد.
ناوبراو وتی راده‌ستكردنه‌كه یه‌كشه‌ممه له شارۆچكه‌ی عه‌ین عیسا ئه‌نجامدرا و وتیشی دوو منداڵی بێدایكوباوكی هۆڵه‌ندیش راده‌ستی وه‌فدێكی حكومه‌تی هۆڵه‌ندا كران.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند كه منداڵه بێدایكوباوكهكان دووشه‌ممه نێردرانه‌وه بۆ فه‌ره‌نسا.
وه‌زاره‌ته‌كه رایگه‌یاند كه منداڵه‌كان -- كه دووه‌مین گروپی هاوشێوه‌یه له سوریاوه بنێردرێنه‌وه بۆ فه‌ره‌نسا له ئازاره‌وه -- هه‌موویان "گۆشه‌گیر و بێ‌توانا بوون". راشیگه‌یاند كه هه‌ندێكیان نه‌خۆشبوون و كێشه‌ی به‌دخۆراكییان هه‌بوو.