موشه‌كێكی كاتیۆشا یه‌كشه‌ممه (19 ئایار) له ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا كه‌وته‌خواره‌وه -- كه شوێنی نوسینگه‌كانی حكومه‌ت و باڵیۆزخانهكانه، له نێویاندا باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا -- چه‌ند رۆژێك دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا كارمه‌نده‌كانی له عێراق گواسته‌وه، به ئاماژه‌دان به هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران، ئاژانسی فرانس پرێس رایگه‌یاند.
"كاتیۆشایه‌ك له ناوچه‌ی سه‌وز كه‌وته‌خواره‌وه بێ هیچ زیانێكی گیانی،" ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی عێراق له به‌یاننامه‌یه‌كی كورتدا رایانگه‌یاند، بێ ئه‌وه‌ی زانیاری زیاتر بده‌ن به‌ده‌سته‌وه.
له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا، بارگرژییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ئێران زیادیانكردووه.
چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، ئه‌مریكا فه‌رمانی دا به‌گواستنه‌وه‌ی كارمه‌نده ناپێویسته‌كانی له باڵیۆزخانه‌كه‌ی له به‌غدا و كۆنسوڵخانه‌كه‌ی له هه‌ولێری باكوری عێراق، به ئاماژه‌كردن به مه‌ترسییه "نزیكه‌كان"ی ئه‌و گروپه چه‌كداره عێراقیانه‌ی ئێران پشتیوانی‌یان ده‌كات.
ده‌ستبه‌جێ رووننه‌بوو كێ له‌پشت هێرشه‌كه‌ی یه‌كشه‌ممه‌وه بوو.
سه‌رچاوه‌یه‌كی پۆلیس به ئاژانسی فرنس پرێسی وت كه "راپۆرته سه‌ره‌تاییه‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن موشه‌كه‌كه له شوێنێكی كراوه‌وه ته‌قێنراوه" له باشوری به‌غدا.
ناوچه‌ی سه‌وز یه‌كێكه له ئه‌مینترین و پارێزراوترین ناوچه دامه‌زراوه‌ییه‌كان له جیهاندا.
ناوچه‌كه كه ده‌كه‌وێته ناوه‌ندی به‌غدا، شوێنی په‌رله‌مان و نوسینگه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان و سه‌رۆكایه‌تی و چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی گرنگی دیكه‌یه و ماڵی چه‌ندان به‌رپرسی باڵا و باڵیۆزخانه‌ی لێیه.
باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له به‌غدا ده‌كه‌وێته نێو ناوچه پارێزراوهكهوه، كه به ناوچه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش ناسراوه و به دیواری كۆنكرێتی ده‌وره‌دراوه.