هه‌واڵه‌كانی عێراق

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوای هه‌نگاونان دەکەن ده‌رباره‌ی چارەنوسی ونبووەکانی سوریا

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دووشەممە (13 ئایار) تکایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ فشار خستنە سەر هەموو لایەنەکان لە جەنگی سوریادا بۆ دەرخستنی چارەنوسی "دەیان هەزار" کەس کە لەماوەی شەڕە چەند ساڵیەکەدا ونبوون.

هەشت گروپی مافپارێزی سوری و نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند: "دەیان هەزار بە زۆر بێسەروشوێن کراون لەلایەن حکومەتی سوریاوە و زۆرێکیان ونبوون دوای رفاندنیان لەلایەن گروپەکانی دژی حکومەتەوە یان رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)."

لە بەیاننامەکەدا کە ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و چاودێری مافی مرۆڤ واژۆیانکردووە، هاتووە: "سەدان لە زیندانەکاندا مردوون بەهۆی ئەشکەنجە یان مامەڵەی خراپەوە."

روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ونبووه‌كان بە 200,000 كه‌س دەخەمڵێنێت لە دەستپێکی شەڕەوە لە 2011، بەجۆرێك وادادەنرێت نیوەیان لە زیندانەکانی حکومەتدا بن.

به‌گوێره‌ی راپۆرتەکە زۆرێکیان رووبەڕووی "ئاستی تێکشکێنەری پێشێلکاری جددی" کراونەتەوە لەلایەن رژێم و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە، لەنێویاندا سێدارە به‌بێ دادگاییكردن، ئەشکەنجە و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی.

رایشگەیاند كه‌ چالاکوان، پارێزەر، رۆژنامەنوس و کارمەندی کۆمەکی مرۆییان تێدایە.

راپۆرتەکە داوای لە ئەندامانی دەوڵەتانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان کرد "کۆتایی بهێنن بە مەینەتی خێزانی ونبووەکان و دەستبەسەرکراوە هەڕەمەکیەکان" بە "فشار" خستنە سەر ئەنجامدەران و پشتیوانە نێودەوڵەتیەکانیان و دەرخستنی ناو و چارەنوس و شوێنی ئەوانەی باسیان لێکراوە.

داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد کە "پاڵپشتی دروستکردنی سیستمێکی یەکگرتوو بکات بۆ تۆمارکردنی کەیسی هەموو ئەو کەسانەی لە سوریا ونبوون".

لە راپۆرتەکەدا هاتووە كه‌ لە ئایاری 2018، حکومەتی سوریا دەستیکرد بە نوێکردنەوەی تۆماری مەدەنی ناوی ئەو کەسانەی لە زیندانەکاندا مردوون و لە هەندێك دۆخدا بەڵگەنامەی مەرگی دایە خێزانەکان کە هەندێکیان هی 2013 بوون.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "بەڵام، حکومەت وەڵامی داواکاریی خێزانی دەستبەسەرکراوانی نەداوەتەوە بۆ پێدانی زانیاری دەربارەی دۆخی بزرکراوە بەزۆرەکان یان هۆکاری مردنیان، یان رادەستکردنەوەی پاشماوەی ئەوانەی کە مردوون."

راشیگەیاند: "بەم دۆخەی ئێستا، هیچ رێگەیەك نیە بۆ پشتڕاستکردنەوەی مەرگەکان بەبێ گەڕاندنەوەی جەستەکان لەلایەن حکومەتەوە بۆ خێزانەکانیان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500