ئۆپه‌راسیۆنێكی ئه‌منی كه 230 كیلۆمه‌تر زه‌وی ده‌گرێته‌وه له سه‌ر سنووری عێراق-سوریا بۆ گه‌ڕان به‌دوای حه‌شارگه و تونێڵه‌كانی ژێرزه‌ویی چه‌كداراندا، كۆتاییپێهات، فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق پێنجشه‌ممه (2 ئایار) رایگه‌یاند.
وته‌بێژی فه‌رمانده‌ییه‌كه، عه‌مید یه‌حیا ره‌سوڵ به دیارونای وت: "هێزه هاوبه‌شه‌كانی عێراق، به پشتیوانی فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی، ئۆپه‌راسیۆنێكیان كۆتاییپێهێنا كه شه‌ممه‌ی رابردوو ده‌ستیانپێكرد بۆ پشكنینی 230 كیلۆمه‌تر ناوچه‌ی مه‌ترسیدار له سه‌ر سنووری سوریا."
ناوبراو وتی له میانه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا، 12 تونێڵی ژێرزه‌وی و شوێنی خۆشاردنه‌وه و سێ حه‌شارگه‌ی چه‌ك دۆزرانه‌وه، سێ گومانلێكراویش ده‌ستگیركران.
وتیشی: "ئۆپه‌راسیۆنه‌كه، كه له قۆڵی قائی- ئه‌لبو كه‌ماله‌وه درێژده‌بێته‌وه و به حوسه‌یبه غهربیهدا ده‌ڕوات به‌ره‌و به‌یار عه‌لی له نزیك سنووری سوریا، پێكهاتبوو له دانانی تاوه‌ری چاودێریكردن و كۆنترۆڵكردن بۆ ئهمینكردنی زیاتری ئه‌و رووبه‌ره‌ی سه‌ر سنوور له دژی هه‌ڕه‌شه تیرۆریستییه‌كان."
ره‌سوڵ وتی هه‌ڵمه‌تێكی تر له چه‌ند رۆژی داهاتوودا ده‌ستپێده‌كات بۆ پشكنین و پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ی سه‌ر سنوور.