دایکوباوکان و كهسوكاری ئەڵمانیی چەکدارانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دووشەممە (29 نیسان) خۆپیشاندانیان کرد لەبەردەم وەزارەتی دەرەوەدا و داوایان لە بەرلین کرد ژن و منداڵەکانی چەکدارانی داعش کە لە سوریا دەستبەسەرن بگەڕێنێتەوە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
هەندێکیان پۆستەریان پێبوو نوسرابوو "منداڵان بەرپرس نین"، لەکاتێکدا ئەوانیدی لافیتەیان بەرزکردبووهوە كه لهسهری نوسرابوو "منداڵانی بێتاوانی ئەڵمانی دەمرن و دەوڵەتیش تەنیا تهماشادهكات".
ئینتیسار عەتابەی 51 ساڵ، نەنکی منداڵێكی سێ ساڵان كه لە سوریا لەدایکبووە، وتی: "دەمەوێت وهچهكانم سوریا بهجێبهێڵن و بێنهوه هامبورگ، تا بەشێوەیەکی ئاسایی بژین، بڕۆن بۆ دایەنگا، پارێزراوبن، بتوانرێن لە ئامێز بگیرێن، خواردنیان هەبێت، گەرم بكرێنهوه و خۆشمان بوێن."
خۆپیشاندهرێكی دیکە کە خۆی بە شەوانی، 55 ساڵ، ناساند تکای کرد سێ وهچهی، کە تەمەنیان دوو، سێ و چوارە، بگەڕێندرێنەوە.
وتی: "بۆچی وهچهكانم تاوانبار بکرێن؟ چ تاوانێکیان ئەنجامداوە؟ تێناگەم."
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆ، لانیکەم 59 منداڵی توندڕەوانی ئەڵمانیا هێشتا لە سوریا بوون لە کۆتایی مانگی ئازاردا.
بە روخانی دوایین بنکەی داعش لە سوریا لە مانگی رابردوودا، چارەنوسی چەکدارە بیانی و خێزانەکانیان بۆتە کێشەیەکی بەرچاو بۆ حکومەتەکان لەکاتێکدا شەڕەکە بەرەو کۆتایی دەچێت.
ئەڵمانیا دەستیکرد بە گەڕاندنەوەی چەند منداڵێکی توندڕەوە زیندانیکراوەکان لە سەرەتای نیسانەوە.
وەزارەتی دەرەوە رایگەیاندووە کە ئاگادارە لە کەیسی هاوڵاتیانی ئەڵمانی دەستبەسەر لە باکوری سوریا، بەڵام راشیگەیاندووە کە دەستڕاگەیشتنی راستەوخۆی دبلۆماسی نیە بۆیان چونکە باڵیۆزخانەی دیمەشق داخراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەت بۆ رێگەیەك دەگەڕێت بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتیە ئەڵمانیەکان.