حكومه‌تی سوریا ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه بۆ رێگه‌دان به فڕۆكه‌كانی كۆمپانیا گه‌وره فڕۆكه‌وانیه‌كه‌ی هێڵی ئاسمانی قه‌ته‌ر بۆئه‌وه‌ی به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌دا بفڕن دوای ئه‌وه‌ی هه‌شت ساڵی شه‌ڕ رێگریكردبوو له فڕۆكه‌كانیان.
وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه دره‌نگانێكی دووشه‌ممه (22 نیسان) له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "وه‌زیری گواستنه‌وه، عه‌لی حه‌مود، رازیبووه به رێگه‌دان به هێڵی ئاسمانی قه‌ته‌ر بۆئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئاسمانی سوریادا بفڕێت، له‌سه‌ر بنه‌مای داواكارییه‌كی به‌رپرسی فڕۆكه‌وانیی مه‌ده‌نیی قه‌ته‌ر."
زۆربه‌ی هێڵه ئاسمانییه‌كان فڕینیان سه‌ر سوریادا راوه‌ستاند دوای ئه‌وه‌ی له 2011 شه‌ڕ ده‌ستیپێكرد، له‌جیاتی ئه‌وه رێگه‌ی دوورودرێژتریان ده‌گرته‌به‌ر بۆئه‌وه‌ی ناوچه‌ی شه‌ڕه‌كه تێبپه‌ڕێنن.
به‌ڵام شه‌ڕه‌كه له ساڵانی رابردوودا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌مبۆته‌وه دوای پێشڕه‌وییه گه‌وره‌كانی رژێم.
وه‌زاره‌ته‌كه رایگه‌یاند: "رێكه‌وتنه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵسوكه‌وتی دوولایه‌نه‌وه هاته‌ئاراوه، له‌كاتێكدا هێڵی ئاسمانی سوریا به‌سه‌ر ئاسمانی قه‌ته‌ردا ده‌فڕێت و هه‌رگیز له گه‌شته‌كانی بۆ دۆحه نه‌وه‌ستاوه له كاتی شه‌ڕه‌كه‌دا."
راشیگه‌یاند كه به‌كارهێنانی ئاسمانی سوریا ده‌بێته‌هۆی "به‌رزبوونه‌وه‌ی داهات به دراوی بیانی به‌سوودی ده‌وڵه‌تی سوری".