هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی عێراق ناوەندی میدیای داعش لە حەمرین تێکدەشکێنن

هێزی تایبەتی دژە تیرۆریزمی عێراقی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و یەکێك لە ناوەندە میدیاییەکانی گروپەکەی لە ناوچەی باکوری حەمرین کردە ئامانج رۆژی پێنجشەممە (11 نیسان)، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

هەرچەندە گروپەکە چیتر خاکی لەژێردەستدا نەماوە، شانە نوستوەکانی داعش کە دەوترێت خۆیان لە بیابانی فراوان و لە چیاکانی حەمریندا شاردۆتەوە، هێرشی لێدە و راکەی کوشندە ئەنجامدەدەن دژی بنکەکانی حکومەت لە شوێنەکانی خۆیانەوە.

وتەبێژێكی سوپای عێراق، عەمید یەحیا رەسوڵ وتی سەرەکوەزیران عادل عەبدولمەهدی فه‌رمانی بە دەزگای دژە تیرۆریزم کردووە بۆ "بەگەڕخستنی ئۆپەراسیۆنێك بۆ كردنه‌ ئامانجی پاشماوەکانی داعش و ئەشکەوتەکانیان لە چیاکانی حەمرین".

لە بەیاننامەیەکدا وتی ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن هێزی ئاسمانی عێراق و فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانی نێودەڵەتییەوە پشتگیری ده‌كرا.

وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆریزم، سەباح نوعمان وتی ئۆپەراسیۆنەکە چوار رۆژ بەردەوام بوو، تێیدا هێزەکان بە پەرەشوت خۆیان هەڵدا و ئاگریان لە 15 شوێنی مانەوەی داعش بەردا.

لەنێویاندا بنکەیەك هەبوو بۆ بەرهەمهێنانی گۆڤارێکی پڕوپاگەندەی هەفتانە بەناوی النبأ.

نوعمان وتی: "لەئێستادا تیمێکی تایبەتمەند خەریکی شیکارکردنی کۆمپیوتەر و بەڵگەنامە گیراوەکانه‌ -- هه‌روه‌ها بزانین ئاخۆ ژماریەکی نوێ ده‌بێت، چونکە بەشێوەیەکی ئاسایی پێنجشەممان بڵاویاندەکردەوە."

هێزەکە پلانی ئۆپەراسیۆنی هاوشێوەی داناوە لە بەشەکانی دیکەی عێراق.

وتیشی: "بەشێكی گرنگی ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەوەیە كه‌ ئەم ناوچە سەختە، کە هەڕەشە بوو بۆسەر باکوری دیالە و باشوری کەرکوك، پاککراوەتەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500