كوردانی سوریا پێنجشه‌ممه (11 نیسان) رێکه‌وتنێكیان له‌گه‌ڵ به‌غدا واژۆكرد بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی 31,000 ئاواره‌ی عێراقی له كه‌مپه‌كانی باكوری خۆرهه‌ڵاتی سوریاوه، كه زۆربه‌یان ژن و منداڵن، ئاژانسی فرانس پرێس رایگه‌یاند.
ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌و كه‌مپانه ده‌ژین، كه ژمارەیان زۆر زیادیکرد بەهۆی ئه‌و شه‌ڕه چه‌ند مانگییه‌ی كه بووه هۆی شكستپێهێنانی رێکخراوی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش) له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)ەوە.
به‌رپرسێكی كورد، مه‌حمود كێرۆ به ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "شاندێكی حكومه‌تی عێراق سه‌ردانی ئەو ناوچه کارگێڕییه ئۆتۆنۆمەی كرد بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره عێراقییه‌كان بۆ عێراق، كه ژماره‌یان به نزیكه‌ی 31,000 مه‌زه‌نه ده‌كرێت، رێكه‌وتنێكیش له‌م باره‌یه‌وه واژۆكرا."
وتی: "تائێستا 4,000 کەس واژۆیانکردووە و چاوەڕێین حکومەتی عێراق سنووری عێراق بکاتەوە بۆ دەستپێکردن."
کێرۆ وتی زۆربەی ئاوارەکان ناسنامە و بەڵگەنامەی عێراقیان پێنەبووە، لەنێویاندا منداڵانی لەدایکبوو لە خاکی سوریادا.
وتیشی: "داوامان لە حکومەتی عێراق کردووە چارەسەرێك بدۆزێتەوە."
بەرپرسێکی عێراقی سێشەممە وتی بەغدا ئامادەکاری دەکات بۆ گەڕاندنەوەی دەیان هەزار هاوڵاتی [عێراقی]، كه زۆربەیان "ژن و منداڵن".
ئەوانەی چاوەڕێی گەڕانەوەیان لێدەکرێت چەکداری گومانلێکراوی داعشیان تێدایە کە لە زیندانی کوردەکاندان، دوای خۆبەدەستەوەدان یان گیران لەکاتی هەڵاتندا لە دوایین شەڕی توندڕەوەکان.
کێرۆ وتی: "داوامانکردووە بۆ گەڕاندنەوەی هەموو ئه‌و عێراقییانە لەنێویاندا ئەوانەی تۆمەتبارکراون بە ئەندامێتی داعش."