هه‌واڵه‌كانی عێراق

دوای هێرشەکانی ئیدلیبی سوریا، ئەمریکا روسیا و دیمەشق تۆمەتباردەکات

واشنتۆن پێنجشەممە (14 ئازار) روسیا و رژێمی سوریای تۆمەتبارکرد بەوەی بەرپرس بوون لە "تەشەنەسەندنی توندوتیژی" لە پارێزگای ئیدلیب، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

فڕۆکە روسییەکان چوارشەممە چەند هێرشێکی ئاسمانییان ئەنجامدا، كه‌ یەکەمین هێرشی لەوشێوەیە بوو لە رێککەوتنی ئاگربەستی تورکیا-روسیاوە لە ئەیلول.

بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، لانیکەم 13 مەدەنی، لەنێویاندا شەش کۆرپە، لە هێرشەکاندا کوژران.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رۆبەرت پالادینۆ دەربارەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد وتی: "ئەمریکا بە نیگەرانیەکی زۆرەوە دەڕوانێتە توندوتیژیی تەشەنەسەندووی ئەم رۆژانەی دوایی لە ئیدلیب و ناوچەکانی دەوروبەری كه‌ بەهۆی هێرشە ئاسمانی و تۆپبارانەکانی روسیا و رژێمی ئەسەدەوە هاتۆته‌كایه‌وه‌."

وتیشی: "سەرەڕای بانگەشەی روسیا بەوەی تیرۆریستان دەکاتە ئامانج، ئەم ئۆپەراسیۆنانە بوونەتە هۆی دەیان قوربانی مەدەنی و کارمەندانی فریاگوزارییان کردۆتە ئامانج لەکاتێکدا خەریکی رزگارکردنی خەڵك بوون."

"ئەم هێرشە قێزەونانە بۆ سەر ژیرخانی مەدەنیەکان و بۆ سەر نشینگەکانی خەڵکە ئاوارەکە دەبێت ئێستا کۆتایی پێبێت."

پالادینۆ وتی وەك لایەنێك لە رێککەوتنی ئاگربەستی ئەیلول لەگەڵ تورکیا، "روسیا بەرپرسیارێتی تەواوی ئەم ئۆپەراسیۆنه‌ هێرشبه‌رانه‌ی لەئەستۆیە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500