ئۆپه‌راسیۆنی پاككردنه‌وه‌ی كێڵگه‌ی غازی عهكاس له خۆرئاوای ئه‌نبار له پاشماوه‌كانی شه‌ڕی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش) كۆتاییپێهات، پۆلیسی عێراقی له پارێزگای ئه‌نبار دووشه‌ممه (11 ئازار) رایگه‌یاند.
به‌ڕێوبه‌ری پۆلیسی ئه‌نبار، لیوا هادی كه‌سار رزهیج به دیارونای وت: "هێزه ئه‌منییه تایبه‌ته‌كان، به‌پشتیوانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به دابینكردنی ئامێر و كه‌ره‌سته‌ی پێویست، یه‌كشه‌ممه سڕینه‌وه‌ی پاشماوه‌كانی شه‌ڕ و مین و ته‌قه‌مه‌نییه ده‌ستكرده‌كانی كێڵگه‌ی غازی عهكاسیان ته‌واوكرد."
ناوبراو وتی كێڵگه‌ی غازه‌كه ئێستا ئاماده‌یه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كاره‌كانی.
وتی: "ئۆپه‌راسیۆنه‌كه چه‌ندین مانگی خایاند تا ته‌واوبوو، زیاتر له دوو ته‌ن ته‌قه‌مه‌نی له كێڵگه‌كه و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری لابران، هه‌روه‌ها له‌و ناوچه و رێگایانه‌ی به‌ره‌و ئه‌وێ ده‌چن."
وتیشی: "كێڵگه‌كه راده‌ستی وه‌زاره‌تی نه‌وت كرایه‌وه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كاره‌كان له‌وێ دوای ئه‌وه‌ی ته‌واوی مه‌ترسییه‌كان نههێڵران."