هه‌واڵه‌كانی عێراق

ئەمریکا بەڵێنی بەردەوامی شەڕی داعش دەدات دوای تێكشکانی تەواوەتی

ئەمریکا چوارشەممە (6 شوبات) بەڵێنیدا بەردەوامبێت لە تەرکیز خستنە سەر تێکشکاندنی هه‌میشه‌یی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، بەجۆرێك سەرۆك دۆناڵد ترەمپ وتی توندڕەوان بەمزوانە هەموو ناوچەکانیان لە سوریا لەدەستدەدەن.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه‌ ترەمپ بۆ بەرپرسانی زیاد لە 70 وڵات قسەیدەکرد کە هاتبوونە واشنتۆن بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی شێوازەکانی شەڕی داعش.

لە وتەکانیدا لە وەزارەتی دەرەوە، ترەمپ وتی هێزەکان کە پێشەنگیان ئەمریکایە لەگەڵ هاوپەیمانە کوردەکان "له‌ڕاستیدا هه‌موو ناوچەکانیان ئازادکردووە" لەدەستی ئەو توندڕەوانەی سه‌رده‌مێك ناوچەیەکی فراوانیان لە سوریا و عێراق گرتبوو.

ترەمپ وتی "پێویستە بە فەرمی رابگەیەندرێت لە هەفتەی داهاتوودا کە ده‌ستمانگرتووه‌ به‌سه‌ر له‌سه‌دا 100" ناوچەکانی داعشدا.

ترەمپ وتی: "پاشماوەکان -- هەر ئەوەیان ماوەته‌وه‌، پاشماوەکان -- بەڵام پاشماوەکان دەکرێت زۆر مەترسیداربن."

وتیشی: "دڵنیابن لەوەی هەرچی پێمانبکرێت دەیکەین بۆ تێکشکاندنی دوایین کەسی نێو شێتخانەی داعش و بەرگری دەکەین لە خەڵکی خۆمان لە تیرۆریزمی ئیسلامی تووندڕه‌و."

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، هایکۆ ماس، قایلبوو بە قسەکانی ترەمپ كه‌ روونیکرده‌وه‌ کشاندنەوەی هێزەکانی لە سوریا "مانای ئه‌وه‌ نیە ئەمریکا چیتر رۆڵی پێشەنگی نابێت لە شەڕی دژی داعشدا".

ماس بە رۆژنامەوانانی وت: "ئێستا ئه‌وه‌ گرنگە کە لە چەند هەفتەی داهاتوودا گفتوگۆ بکەین دەربارەی چۆن ئەمە رێکبخەین و کێ چ ئەرکێك بگرێتە ئەستۆ."

هاوکات، چوارشەممە راپۆرتێکی تیمی چاودێری سزاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان خرایەڕوو بۆ ئەنجومەنی ئاسایش کە دەریخست لە سوریا و عێراق لەنێوان 14,000 بۆ 18,000 چەکدار هەیە، لەنێویاندا 3,000 چەکداری بیانین.

راپۆرتەکە رایگەیاند كه‌ سەرکردایەتی داعش تەنیا گروپێکی پەرشوبڵاوی لێماوەتەوە و "ئاراستەی هەندێك لە چەکداران دەکات بگەڕێنەوە بۆ عێراق و پەیوەندی بە تۆڕەکانیانەوە بکەن لەوێ" بە ئامانجی "رزگاربوون، بەهێزبوون و گەڕانەوە لە ناوچە بنەڕەتیه‌كه‌یان".

راشیگەیاند كه‌ ئه‌گەر سەرکەوتووبێت، داعش رەنگە تەرکیزی بخاتە سەر ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستیە دەرەکیەکان، بەڵام لەئێستادا سەرکردایەتی داعش توانای ئاراستەکردنی هێرشە نێودەوڵەتیەکانی نەماوە".

ئەو راپۆرتەی شیکاروانانی نەتەوە یەکگرتوەکان زیاتر لەو زانیاریانەوە وەرگیرابوو کە دەوڵەتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتوەکان داویانە ده‌رباره‌ی ماوەی نێوان تەمموز بۆ کانونی یەکەمی 2018.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500