هه‌واڵه‌كانی عێراق

خێزانی توندڕەوێك: شەڕکەرانی هێزەکانی سوریای دیموکرات توندڕەوێکی ئەڵمانی دەستگیردەکەن لە سوریا

هێزەکانی سوریای دیموکرات توندڕەوێکی ئەڵمانی، مارتین لێمکەیان دەستگیرکرد دوایئەوەی لەدوایین پێگەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە سوریا هەڵهات، دووان لە ژنەکانی توندڕەوەکە پێنجشەممە (31 کانونی دووەم) رایانگەیاند.

ژنی سێیەمی، کە ئەڵمانییە و خۆی وه‌ك لیۆنۆرا ناساند، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت لە ناوه‌ندێکی لێکۆڵینەوە لە دێرەزوور کە لێمکە و ژنی دووەمی و خۆیشی پێکەوە لە شەڕەکە هەڵهاتوون.

ئەو ژنە تەمەن 19 ساڵە بە زمانی ئینگلیزی وتی: "ئێمە پێکەوە وازمان هێنا." ئاماژەشی دا بەوەی لێمکە لەگەڵ ئەودا گەیشتە ناوه‌ندەکە کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بەڕێوەدەبرێت و زۆربەیان لەوێدا خۆیان بەدەستەوە دەدەن پێش هێرشی کۆتایی.

هێزەکانی سوریای دیموکرات لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا مەدەنییان لە ئەندامە گومانلێکراوە چالاکەکانی داعش جیادەکەنەوە.

لیۆنۆرا وتی لێمکە کێشەی تەندروستی هەبوو کە مانای وایە توانای شەڕی نەبوو، وتیشی بەزۆری کاری تەکنیکی بۆ داعش دەکرد.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو لێکۆڵینەوانەی لە رۆژنامەکانی ئەڵمانیادا بڵاوکراونەته‌وە لێمکە له‌قه‌ڵه‌مده‌ده‌ن، کە پێدەچێت ئێستا تەمەنی 28 ساڵ بێت، به‌ کەسێکی کاریگەری نێو توندڕەوە بیانیەکان لە سوریا.

راپۆرتێك لە رۆژنامەی دی تزایتی ئەڵمانی لە کانونی یەکەمی 2017 رایگەیاند كه‌ لێمکە لە تشرینی دووەمی 2014 گەیشتۆتە رەققە و پەیوەندیكردووه‌ بە پۆلیسی حیسبەی گروپەکەوه‌ ("پۆلیسی ئایینی"). دواتر بووەتە ئەندامی ده‌زگای هەواڵگریی داعش.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500