نەتەوە یەکگرتووەکان هەینی (1 کانونی دووەم) داوای "رێگهدان به کۆمەکی مرۆیی بێ رێگریكردن" کرد بۆ ئەو خەڵکەی لەدواههمین پێگەی شەڕکەرانی رێکخراوی "دەولەتی ئیسلامی" (داعش) لە رۆژهەڵاتی سوریا هەڵدێن، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند كه تەنیا لە هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 10,000 کەس لە هەرێمی شەڕەوە بەرەو ناوچەی حۆل هەڵهاتوون کە کامپی سەرەکی ئەو خەڵکەی لێیە کە بەهۆی شەڕی دژی داعشەوە ئاوارە بوون.
وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئهندرێی ماهێچیچ، وتی: "رێکخراوە کۆمەکبەخشەکان پێکەوە داوایان لەو هێزانە کردووە کە ناوچەکەیان لەژێردەستدایە تا رێگەیەك بۆ حۆل تەرخانبکەن بۆ دابینکردنی کۆمەك بۆ پاراستنی ژیانی خەڵك."
وتیشی هەتا ئێستا داواکە "بەبێ وەڵام ماوەتەوە."
ناوچەکە لەژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە کە دژی پێگەکانی داعش لەنزیك شارۆچکەی هەجین لە دۆڵی روباری فورات شهڕدهكهن.
رێکخراوەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت ئەو خێزانانەی لە هەجین هەڵدێن باسی گەشتێکی تۆقێنەر دەکەن لەگەڵ "رۆیشتن بەناو کێلگەی مین و شەڕە تەقەدا."
رێكخراوەکە راشیگەیاند کاتێك خەڵکەکە دەگەنە ناوچەکانی ژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات، "دەڵێن بەکۆمەڵ دەیانخەنە ئۆتۆمبیلی کراوەوە و دەبێت بە گەشتێکی تری سەختدا لە کەشوهەوای زستاندا بەرەو کەمپی حۆل تێپەڕن. کۆمەکێکی کەم یان هیچ کۆمەکێك لە رێگادا بەو خەڵکە برسی و سەرمابردووە نادرێت کە زۆربەی هەرەزۆریان ژن و منداڵن."
لە سەرەتای کانونی یەکەمەوە، لانیکەم 29 مێرمنداڵ و منداڵی ساوا لە رێگادا یان دوای ماوەیەکی کەم لە گەیشتنیان بە کەمپەکە مردوون.
ماهێچیچ وتی: "ئێمە داواکانمان دووبارەدەکەینەوە بۆ گەیشتنی کۆمەکی مرۆیی دەستبەجێ. زۆر گرنگە تیمەکانمان بتوانن یارمەتی مرۆیی ژیانپارێز بگەیەنن، بەتایبەتی لەو ماوە سەختەی زستاندا."