سەرما نزیکەی 30 منداڵی لەماوەی دوو مانگدا لەو مەدەنیانە کوشتووە کە لە دوایین پێگەی ژێردەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە رۆژهەڵاتی سوریا هەڵدێن، نەتەوە یەکگرتووەکان پێنجشەممە (31 کانونی دووەم) رایگەیاند.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند زۆر نیگەرانە بە بارودۆخی ئەوانەی توانیویانە بگەنە ئەلحۆل کە کەمپی سەرەکی ئەوانەیە بەهۆی شەڕی دژی داعشەوە ئاوارەبوون، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "لانیکەم 29 منداڵ و تازە لەدایك بوو لەماوەی هەشت هەفتەدا مردوون، بەزۆری بەهۆی رەقبوونەوەوه لەکاتی رۆیشتندا بەرەو کەمپەکە یان کەمێك دوای گەیشتنیان."
راشیگەیاند كه "23,000 کەس، بەزۆری ژن و منداڵ کە بەهۆی شەڕی ناوچە نیشتەنیەکانی دێرە زووری دراوسێوە هەڵدێن" لەو ماوەیەدا گەیشتونەتە کەمپەکە.
کوردهكان و خێڵه عەرەبەکانی ناوچهكه بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەدوایین پێگەی گروپەکە لەنزیك شارۆچکەی هەجین لە دۆڵی روباری فورات شەڕدەکەن.
رێکخراوەکە رایگەیاند: "زۆربەی هەڵاتوان بەپێ یان بە ئۆتۆمبیلی سەربهتاڵ بۆ چەندین شەو و رۆژ لە کەشوهەوایەکی سارد و سەختی زستاندا کۆچیان کردووە."
راشیگەیاند كه ئاوارەکان بەزۆری بۆ چەندین کاتژمێر لە دهشت و دهرهكانی دەوروبەری شارۆچکەکه راگیراون لەکاتێکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردوون بۆ گەڕان بەدوای ئەو توندڕەوانەدا كه دەیانەوێت خۆیان لەگەڵ خەڵك تێکەڵ بکەن.
ئەو رێکخراوە تەندورستیەی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند كه بارودۆخی ئەلحۆل پێویستی بە یارمەتی بەپەلە و رێپێنەگیراوی مرۆیی هەیە.
راشیگەیاند: "بارودۆخی کەمپەکە ئێستا هەستیارە. قەبارەی دانیشتوانهكهی سێ هێندە زیادیكردووه (لە 1,000 کەسەوە بۆ نزیکەی 33,000 کەس) لەماوەی کەمتر لە دوو مانگدا."