هه‌واڵه‌كانی عێراق

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەڵێت کشانەوە لە سوریا دەستیپێکردووه‌

وتەبێژێك هەینی (11 کانونی دووەم) وتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سوریا دەستیکردووە بە کشاندنەوەی هێزەکانی، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

هێزەکە کە لە 2014وە شەڕی دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ده‌كات دەستیکرد بە کەمکردنەوەی هێزەکانی بەڵام ئەوە دیارنیە ئاخۆ پرۆسەی کشانەوەکە چەندی پێدەچێت.

وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کۆڵۆنێڵ شۆن رایان، لە بەیاننامەیەکدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "هێزی ئەرکداری هاوبەش - ئۆپەراسیۆنی چارەسەری بنەڕەتی، دەستیانکردووە بە پرۆسەی کشانەوەی ئارەزوومەندانەی ئێمە لە سوریا."

وتیشی: "لەبەر هۆکاری ئەمنی ئێمە باسی کاتێکی دیاریکراو و شوێن یان جوڵەی هێزەکان ناکەین."

روانگەی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگەیاند كه‌ هاوپەیمانان دەستیانكردووه‌ بە کەمکردنەوەی هێزەکانیان لە بنکەی سەربازی رمه‌یلان له‌ باکوری رۆژهەڵاتی پارێزگای حەسەکە.

سەرۆکی روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان، وتی: "پێنجشەممە هەندێك هێزی ئەمریکی لە بنکەی سەربازی رمه‌یلان پاشەکشەیان کرد."

هاپەیمانان چەند بنکەیەکی تریان لەسەرانسەری باکوری سوریادا هەیە لەگەڵ عێراقی دراوسێ کە پێدەچێت هێزەکان لەوێدا بمێننەوە.

بەرپرسێکی بەرگری ئەمریکا لە واشنتۆن پێشتر پشتڕاستیکردەوە کە کەلوپەلەکانیان لە سوریا راگواستووە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500