ئه‌و چه‌كدارانه‌ی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش) كه پارێزگاری له دواهه‌مین مۆڵگه‌كانیان ده‌كه‌ن له خۆرهه‌ڵاتی سوریا خراپیی كه‌شوهه‌وایان به‌كارهێنا بۆ ئه‌نجامدانی هێرشێكی بێئه‌نجام به‌ڵام كوشنده له دژی شه‌ڕڤانه كورده‌كان، ئاژانسی فرانس پرێس سێشه‌ممه (8 كانونی دووه‌م) رایگه‌یاند.
چه‌كدارانی داعش نه‌یانتوانی ده‌ستبگرن به‌سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌دا كه هێرشیانكرده‌سه‌ر، به‌ڵام هێرشه‌كه بووه هۆی كوشتنی 23 ئه‌ندامی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات و كوژرانی نۆ تووندڕه‌و.
روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ سێشه‌ممه رایگه‌یاند كه چه‌كدارانی داعش سوودیان له لاوازیی ڕاده‌ی بینین وه‌رگرت بۆ ناردنی هێرشكاره خۆكوژه‌كان بۆ سه‌ر هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له هێڵی پێشه‌وه‌ی دۆڵی فورات له دره‌نگانێكی یه‌كشه‌ممه‌دا.
سه‌رۆكی روانگه‌كه، رامی عه‌بدولڕه‌حمان وتی: "بیستوسێ شه‌ڕڤانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات كوژران له‌گه‌ڵ نۆ تووندڕه‌ویش له‌و شه‌ڕه‌دا كه شه‌و تا به‌ره‌به‌یان به‌رده‌وامبوو."
روانگه‌كه رایگه‌یاند: "به‌ره‌به‌یانی دووشه‌ممه، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات هێرشێكیان ئه‌نجامدا و ته‌واوی ئه‌و شوێنانه‌یان كۆنترۆڵكرده‌وه كه له‌ده‌ستیاندابوو."
راشیگه‌یاند: "به‌هۆی كه‌می رێژه‌ی هێرشكاره‌كانیه‌وه، داعش نه‌یتوانی ده‌ستبگرێت به‌سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌دا كه هێرشیكردنه‌سه‌ر."
عه‌بدولڕه‌حمان وتی وره‌ی تووندڕه‌وه‌كان له ناوچه‌كه رووخاوه و كۆتایی شه‌ڕه‌كه نزیكه.