بارانی بەخوڕ سەدان خێمەی ژێر ئاو خست لەو کەمپانەدا كه ئاوارە سورییهكانی لە باکوری وڵاتەکە لەخۆگرتووە، رێکخراوانی کۆمەکبەخش رایانگەیاند، لهكاتێكدا دانیشتوان داوای یارمەتی دەکەن، ئاژانسی فرانس پرێس هەینی (28 کانونی یەکەم) رایگهیاند.
یەکێتی چاودێرانی پزیشكی و رێکخراوانی کۆمەکبەخش پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند چوارشەممە "سەدان خێمە لە ئاتمە، دانە، سەرمەدا و قاح لە ناوچه گوندنشینهكانی باکوری ئیدلیب ژێرئاوکەوتن."
وتیشی: "زۆربەی شوێنی حەوانەوەکان و کۆگاکانی خۆراك و ئاو بەهۆی لافاوەوە وێرانبوون."
لە کەمپی عومەر لە ئاتمەی نزیك سنووری تورکیا بەهۆی زۆریی باران بارینهوه لە دوو رۆژدا لافاو خێمە پلاستیکیە تەنکەکانی برد و ناوچەکانی دەوروبەریشی کردە چەند گۆمێکی قوڕ و لیتە.
دانیشتوان دەڵێن بارانە بەخوڕەکە کەلوپەلە کەمەکانیانی وێرانكرد، لهنێویاندا پێخەفهكانیان و هیچیان نەماوە لەکاتێکدا پلەی گەرما بۆ ژێر سفر دابەزیوە.
ئوم عادی کە پێوەژنە و دایکی چوار منداڵە و بەهۆی شەڕی حەوت ساڵەوە ئاوارەی کەمپی عومەر بووە وتی: "خێمەکەم لافاو بردی و ئاوەکە ئەو دۆشەك و راخهرانهی برد کە بۆ خەوتن بەکارماندەهێنان."
"هەموو شتێك بەهۆی لافاوەکەوه لەناوچوو. هیچمان نەماوە."
دەیان هەزار ئاوارەی سوری لە باکوری وڵاتەکە پشت بە یارمەتی رێکخراوانی کۆمەکبەخش دەبەستن بۆ بهزیندوویی مانەوە لە کەشوهەوای زستاندا.
یەکێتیەکە داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێکخراوانی کۆمەکبەخش کرد "كۆمهكی دارایی بەپەلە دابینبكهن" بۆ ئەوانەی زیانی زۆریان بەهۆی لافاوەکەوه بەرکەوتووە.
راشیگەیاند كه تیمەکانی فریاکەوتن هەوڵدەدەن پێویستییهكانی ئاوارەکان هەڵبسەنگێنن و کۆمەکی خۆراکیش بۆ ئەوانە دابینبکەن کە بەهۆی کەشوهەوای نالەبارەوە زیانیان بەرکەوتووە.
وتیشی ئاوارە سوریەکان لە باکور كه کەمپەکانیان بهر لافاو كهوتووه، پێویستیان بە "شوێنی داڵدهدانی گونجاو، گەرمکهرهوە، جلوبەرگ، ئاو و خۆراك هەیە."