هه‌واڵه‌كانی عێراق

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا: لیژنەی دەستور کۆتایی ساڵ پێكنایه‌ت

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا، ستافان دی مستورا، پێنجشەممە (20 کانونی یەکەم) ددانی بەوەدا نا ئه‌و لێژنەیەی راسپێردراوه‌ بۆ نوسینەوەی دەستورێکی نوێ بۆ وڵاتەکە دەستبەکارنابێت پێش کۆتایی ئه‌مساڵ وەك هیواخواز بوو، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

دی مستورا بە ئەنجومەنی ئاسایشی وت: "ئێستا ئێمە نزیکین لە تەواوکردنی کاروباری دامەزراندنی لیژنەی دەستور بۆ ئامادەکردنی چاکسازیی ده‌ستوری، وەك بەشێك لە پرۆسەی سیاسی -- بەڵام هەنگاوێکی ترمان له‌پێش ماوە."

وتی: "من بەقوڵی نیگەرانم لەوەی بەدەستنەهاتووە و داوای لێبوردن دەکەم کە لەوە زیاتر نەدەکرا." ئاماژەشی دا بەوەی کێشە هەبوو لە لیستی ئەو بەشداربووانەی لەلایەن حکومەتەوە لە دیمەشق پێشنیارکرابوون.

بەگوێرەی پلانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لیژنەکە 150 ئەندامی دەبێت: 50 ئەندام لەلایەن رژێمی سەرۆك بەشار ئەسەدەوە دیاریکراون، 50 کەسیش لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و نزیکەی 50 کەسیش لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، کە گروپی دوایینیان لە شارەزایانی تەکنیکی و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێکدێن.

بەڵام بەگوێرەی دیپلۆماتکارێك کە نەیویست ناوی بهێنرێت، دیمەشق رێگەی بە پێکهێنانی گروپی سێیەم نەدا و بەمدواییانە پێشنیاری "گۆڕینی 17 ناوی" خۆی لە لیستەکەدا کرد.

هەرچەندە هەوڵوێستی دیمەشق لەلایەن روسیا و ئێران و تورکیاوە پاڵپشتی لێکرا، نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند گۆڕانکاریەکە هاوسه‌نگیی گروپەکە دەگۆڕێت و وتی تەنیا شەش دانەیان په‌سه‌نددەکات.

دی مستورا وتی: "نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای پشکنینی ناوەکان، ئەوەی هەڵسەنگاند کە ئێمە هێشتا هەست بە دڵنیایی ناکەین تا مۆری شه‌رعیه‌تی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەر 50 ئەندامەکە بدەین کە مەرجی پێویستی باوەڕپێبوون و هاسه‌نگییان تێدابێت - ئەوەش پێویستی بە هەنگاوێکی ترە کە بنرێت" و هەندێك لەوانه‌شی ناو نا به "بنیاتنەرانی پردی سروشتی" كه‌ سوریا په‌راوێزیخستوون.

لەکاتێکدا شکستیهێنا لە کۆتاییهێنان بە پێکهێنانی لیژنەکە، دی مستورا، کە مانگی داهاتوو پۆستەکەی بەجێدەهێڵێت، وتی: "ئێمە هەندێك لایەنی گرنگی بنیاتنانمان پێکهێناوە کە دەبێت پرۆسەی داهاتووی لەسەر بنیاتبنرێت."

لەکاتی مشتومڕدا لە ئەنجومەنی ئاسایش، بەریتانیا و فەرەنسا دیمەشقیان بە رێگریکردن لە هەوڵەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمەتبارکرد و سەرزەنشی روسیا و ئێرانیشیان کرد بۆ شکستیان لە بەکارهێنانی هەژمونی خۆیان تا رژێم بێتە ژێربار.

باڵوێزی بەریتانیا له‌ نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆدنی هەنتەر، وتی: "با بەڕوونی قسە کەم، هیچ پارەیەك بۆ بنیاتنانەوە خەرجناکرێت، هیچ شەرعیەتێك بۆ رژێم نابێت، هیچ ئاسانکارییەك بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان نابێت – ئەوانە هەر باسناکرێن و تەنانەت رەچاویشناکرێن هەتا ئێمە ئەو پرۆسە سیاسیە نه‌خه‌ینه‌گه‌ڕ."

هاوتا فەرەنسیەکەشی، فرانسوا دیلاترە، وتی لیستە نوێکە لەو کەسانە پێکهاتووە کە روسیا، تورکیا و ئێران "دەیانزانی په‌سه‌ندكراو نین و تەواوی متمانەی لیژنەی داهاتوویان خستە مەترسییەوە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500