هێزەکانی سوریای دیموکرات ناوهندی سەرەکیی هەجینیان لە دەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دهرهێنایهوه هەینی (14 کانونی یەکەم)، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە لە ئۆپەراسیۆنی بنبڕکردنی گروپەکەدا لە رۆژهەڵاتی سوریا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
روانگەی سوری بۆ مافهكانی مرۆڤ رایگەیاند هاوپەیمانێتیە عەرەب-کوردەکە هەجینیان گرتهوه کە گەورەترین مۆڵگەیە لە دوایین ناوچەی سنووری ژێردەستی داعش.
سەرۆکی روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان، وتی: "دوای هەفتەیەك لە شەڕێکی قورس و هێرشی ئاسمانی، هێزەکانی سوریای دیموکرات توانییان داعش لە هەجین دەرپەڕێنن."
وتیشی ئۆپەراسیۆنەکە بەرەبەیان تەواوبوو، رۆژێك دوایئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات چوونە ناو گوندە گەورەکەوه لە دۆڵی فورات.
پێنجشەممە دوایین شەڕکەرانی داعش لە زنجیرەیەك تونێل و كهنارهكانی هەجیندا دەورەدران کە دەکەوێتە پارێزگای دێرە زوور له رۆژهەڵات بەدووریی نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە سنووری عێراق.
ئەو ناوچەیەی ژێردەستی داعش هەندێك کات پێیدەووترێت "حەشارگەی هەجین،" کە دوایین ناوچەیه لهژێردهستی گروپەکەدا بوو لەو سنوورهی ژێردەستیان لە سوریا و عێراق.
شەڕکەرانی داعش هەینی بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەجین و سوسە و شەعفە پاشەکشەیان کرد کە دوو گوندی سەرەکین لەو ناوچە گەمارۆدراوە بچوکراوەیهی دۆڵی فوراتدا.
بەگوێرهی عەبدولڕەحمان سەرجەمی 17,000 شەڕکەر لە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشدارن کە لە 10 ئەیلول دەستیپێکرد بۆ وەدەرنانی داعش لەدوایین قەڵایان.
روانگەکە رایگەیاند لانیکەم 900 ئەندامی داعش و 500 شەڕکەری هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شەرەکەدا کوژراون.
جگە لەو ناوچەیەی لە نزیك هەجین ماوە، داعش لە (بیابانی) بادییەی گەورەی سوریا ماوە لەگەڵ شانە نوستووەکانیان لەسەرانسەری عێراق و سوریا کە بەردەوام هێرش ئەنجامدەدەن.