چاره‌كه ملیۆنێك په‌نابه‌ری سوری ده‌كرێت بگه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌كانیان له ساڵی داهاتوودا، سه‌رباره‌ی ئه‌و به‌ربه‌سته گه‌ورانه‌ی رووبه‌ڕووی گه‌ڕاوه‌كان ده‌بنه‌وه، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سێشه‌ممه (11 كانوونی یه‌كه‌م) رایه‌گه‌یاند و داوای هاوكاریشی كرد بۆ ئه‌و ملیۆنان په‌نابه‌رانه‌ی كه هێشتا له وڵاتانی ده‌وروبه‌رن.
ئه‌مین عه‌واد، كه ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئاژانسی په‌نابه‌رانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقا به‌ڕێوه‌ده‌بات، له جنێف به په‌یامنێرانی وت: "ئێمه پێشبینیده‌كه‌ین ... زیاتر له 250,000 سوری بگه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌كانیان له 2019."
وتیشی: "ئه‌م ژماره‌یه ده‌كرێت به‌رز یان نزم ببێته‌وه به‌پێی خێرایی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ده‌نرێن كه له‌گه‌ڵیدا ئێمه ... به‌ربه‌سته‌كان لاده‌به‌ین بۆ گه‌ڕانه‌وه."
به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی كۆمسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له ئێستادا 5.6 ملیۆن په‌نابه‌ری سوری له ناوچه‌كه‌دا ده‌ژین، له‌نێویاندا یه‌ك ملیۆن په‌نابه‌ر له ئاواره‌ییدا له‌دایكبوون.
ئاژانسه‌كه رایگه‌یاند كه 117,000 په‌نابه‌ر گه‌ڕاونه‌ته‌وه سوریا له 2015ه‌وه، له نێوانیاندا 37,000 له‌مساڵدا.
عه‌واد وتی: "ئه‌مانه گه‌ڕاندنه‌وه‌ی رێكخراون، بهته‌واوی خۆبه‌خشانه‌ن، به پارێزراوی ... وه بێگومان به به‌شداریی كۆمسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان."
ئاژانسی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی په‌نابه‌ران، له‌گه‌ڵ ئاژانسی گه‌شه‌پێدان، له ئێستادا داواكارییه‌كی 5.5 ملیار دۆلاری پێشكه‌شكردووه بۆ پشتگیریكردن له هه‌وڵه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له 2019 و 2020 له توركیا، لوبنان، ئه‌رده‌ن، میسر و عێراق بۆ به‌رده‌وامبوون له له‌خۆگرتنی ملیۆنان سوری كه ئاماده‌نین یان له توانایاندا نیه بگه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌كانیان.
عه‌واد وتی: "ئه‌وه گرنگه كه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رده‌وامبێت له هه‌ستپێكردن به‌و بارودۆخه سه‌خته‌ی كه په‌نابه‌ره سوریه‌كانی تێدان و پشتگیری گرنگ دابینده‌كات بۆ ئه‌و حكومه‌تانه‌ی میواندارییان لێده‌كه‌ن ... بۆ یارمه‌تیدانیان له گرتنه‌ئه‌ستۆی ئه‌م ئه‌ركه قورسه‌دا."
داواكه‌ی سێشه‌ممه بۆ یارمه‌تیدانی 5.6 ملیۆن ئاواره‌ی سورییه له‌گه‌ڵ 3.9 ملیۆن ئه‌ندامی لاوازی كۆمه‌ڵگه میوانداره‌كان.
موراد وه‌هبه، به‌رپرسی پرۆگرامی گه‌شه‌پێدانی وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له به‌یاننامه‌یه‌كدا وتی: "كۆمه‌ڵگه‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ی په‌نابه‌رانی سورییان له‌خۆگرتووه زۆر به‌خشنده‌بوون، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه خۆیان له‌ژێر فشارێكی سه‌ختدان."