چاره‌نوسی 700 شه‌ڕکه‌ری بیانی که له سوریا ده‌ستگیرکراون وه‌ك به‌شێك له هه‌ڵمه‌تی دژی چه‌کدارانی رێکخراوی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش) به‌نده به وڵاته‌کانیانه‌وه تا بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن، وه‌زیری به‌رگری که‌نه‌دا پێنجشه‌ممه (6 کانونی یه‌که‌م) رایگه‌یاند.
به‌ندکراوان له‌لایه‌ن هێزه‌کانی سوریای دیموکراته‌وه ده‌ستگیرکراون که ناوچه‌یه‌كی زۆریان له باکور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا له‌ده‌ست داعش سه‌نده‌وه له هێرشێکی یه‌ک مانگی‌دا به‌پاڵپشتی هێزی ئاسمانی هاوپه‌یمانان.
به‌گوێره‌ی وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریکا، جه‌یمس ماتیس، به‌ندکراوان سه‌ر به نزیکه‌ی 40 وڵاتن.
وه‌زیری به‌رگری که‌نه‌دا، هارجیت ساجان، له‌دوای کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانان له چێڵسی نزیك ئۆتاوای پایته‌ختی که‌نه‌دا وتی: "هه‌ر وڵاتێك ده‌بێت رێکاری تایبه‌ت به‌خۆی بگرێته‌به‌ر له‌م رووه‌وه."
وتیشی تێچویه‌کی زۆر خه‌رجکراوه بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی گرتووخانه‌کانیان "به‌گوێره‌ی ستاندارده‌کانی ئێمه‌ن".
ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمانی دوودڵن له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی له سوریا به‌ندکراون به‌هۆی سه‌ختی کۆکردنه‌وه‌ی به‌ڵگه له ناوچه‌ی شه‌ڕ و مه‌ترسی ئه‌وه‌ی توندڕه‌وه گه‌ڕاوه‌کان که‌سانی نێوخۆیی توندڕه‌و بکه‌ن.
وڵاتانی خۆرئاوا ده‌ڵێن ده‌یانه‌وێت ناوچه‌که "سه‌قامگیربکه‌ن" بۆ رێگرتن له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و به‌رده‌وامبوون له شه‌ڕی دژی پروپاگه‌نده و هێرشکردنه‌وه سه‌ر تۆڕه‌کانیان. ئامانجی وتوێژه‌کانی پێنجشه‌ممه بۆ پته‌وکردنی ئه‌و پلانانه بوو.
ماتیس وتی: "هێشتا کاری تر ماوه ئه‌نجامبدرێت."
کۆبوونه‌وه‌که‌ی هاوپه‌یمانان به مه‌به‌سته بوو وه‌زیرانی به‌رگری و نوێنه‌رانی 13 وڵات پێكه‌وه كۆبكاته‌وه كه به‌شداریی سه‌ربازییان هه‌یه و ناسراون به گروپی سنوردار و پێكدێن له ئوسترالیا، به‌ریتانیا، که‌نه‌دا، ئه‌ڵمانیا و ئه‌مریکا.