روسیا پێنجشەممە (29 تشرینی دووەم) داوای گۆڕانکاری لە رێکارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە رێگە بە گەیاندنی کۆمەکی مرۆیی دهدات لە نێوان سنورەکاندا بۆ ملیۆنان سوری کە لە ناوچەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆندا دەژین، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەفتەکانی داهاتوودا بڕیاردەدات ئاخۆ رێکەوتنێك نوێدهكاتهوه کە لە 2014وە ئەنجامدراوە بۆ رێگەدان بە کاروانهكانی کۆمەك بۆ پەڕینەوە لە تورکیا و ئەردەنەوە بۆناو سوریا بەبێ رەزامەندی حکومەتی دیمەشق.
جێگری باڵوێزی روسیا، دمیرتی پۆلیانسکی، وتی کۆمەکی مرۆیی کە بۆ ئەو ناوچانە دەنێردرێت لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و لە بازگەکان سەرانەیان لێوەرگیراوە و داهاتێکی مانگانەی دوو ملیۆن دۆلاریان بۆ گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن دابینکردووە.
پۆلیانسکی بە ئەنجومەنهکەی وت: "بارودۆخی واقعی لە سوریا بەتەواوی گۆڕاوە و گرنگە گۆڕانكاری بكرێت لەباری میکانیزمی پەڕینەوە لە سنوور."
ئەوەی رووننەکردەوە کە روسیا بانگهێشتی چ جۆرە گۆڕانكارییهك دەکات.
روسیا ساڵی رابردوو دەنگی نهدا بە نوێکردنەوەی پلانی کۆمەکبەخشین بەڵام ڤیتۆشی لە ئەنجومەنەکەدا بەکارنەهێنا بۆ وەستاندنی پرۆسەی کۆمەکی مرۆیی.
نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەڵێت کۆمەکی دەرەکی سەرچاوەی ژیانی ئەو سوریانەیە کە له ناوچهكانی ژێردهستی ئۆپۆزسیۆندا دەژین چونکە رژێمی سوریا گەیاندنی کاروانی مرۆیی بۆ ئەو ناوچانە بەتوندی سنوردارکردووە.
بەگوێرەی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 13 ملیۆن کەس لە سوریا پێویستیان بە کۆمەکی مرۆییە و نزیکەی سێ ملیۆن سوری كۆمهكی مرۆیی وەردەگرن کە لەودیو سنوورەوە هێنراوه.
پێدەچێت ئەنجومەنەکە لە کانونی یەکەم دەنگبدات لەسەر نوێکردنەوەی رێکەوتنی ناردنی کۆمەکی مرۆیی کە لە 10 کانونی دووەم بەسەردەچێت.