هه‌واڵه‌كانی عێراق

نێردەی ئەمریکا: شەڕی دژی داعش بەمزوانە کۆتاییدێت لە سوریا

دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەمریکا چوارشەممە (14 تشرینی دووەم) وتی ئیدارەی ترەمپ هیواخوازە شەڕی پاڵپشتیلێکراو لەلایەن ئەمریکاوه‌ دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە دوایین پێگەی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لەم چەند مانگەدا کۆتایی دێت، ئەلعەرەبییە رایگەیاند.

باڵوێز جەیمس جێفری، کە نێردەی تایبەتی ئەمریکایە بۆ کاروباری سوریا، وتی بەڵام هێزەکانی ئەمریکا دەمێننەوە بۆ دڵنیا وون لە "تێکشکانی یەکجاره‌كی" ئەو گروپە چەکدارە.

وتیشی ئەمریکا باوەڕی وایە رێگەی بەرەوپێشچوون لە سوریا تێکشکانی داعش و بەهێزکردنی پرۆسەی سیاسی و کۆتاییهێنان بە شەڕی درێژخایەنی نێوخۆ لەخۆدەگرێت.

جێفری لە كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامەوانیی وەزارەتی دەرەوەدا وتی: "ئەوەی ئێمە دەمانەوێت تێکشکانی یەکجاره‌كیی داعش و بەهێزکردن و بەردەوامیی پرۆسەی سیاسیە لە سوریا بە رابەرایەتی خەڵکی سوریا و یارمەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و هێورکردنەوەی شەڕە، کە بەجێهێشتنی هەموو هێزەکانی سەربە ئێران لە سەرانسەری سوریا لەخۆبگرێت."

وتیشی ئەمریکا هیواخوازە پێکهێنانی لیژنەیەك پێش سەری ساڵ ببینێت بۆ کارکردن لەسەر دەستورێکی نوێ بۆ سوریا وەك ئەوەی لەلایەن سەرۆکەکانی روسیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و تورکیاوە لە کۆبوونەوەیاندا لە ئەستەنبوڵ لە تشرینی یەکەم ریککەوتنی لەسەر کراوە.

هەروەها وتی هێزەکانی ئەمریکا لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە دوای سەرکەوتنی هێزی هاوپەیمانان بەسەر یەکە سەربازیەکانی داعشدا بۆ دڵنیابوونەوەی لەوەی گروپەکە خۆی رێکناخاتەوە.

جێفری وتی: "تێکشکاندنی یەکجاره‌كیی داعش بەسادەیی مانای تێکشکانی دوایین یەکەی سەربازیی ئاسایی داعش نیە کە ناوچەیەکی بەدەستەوە بێت، بەڵکو دڵنیابوونەوەیە لەوەی داعش لەناکاو ناگەڕێتەوە لەشێوەی شانەی نوستوودا یان بزوتنەوەیەکی چەکداری."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500