وێرانکارییەکی گەورە لە غوتەی رۆژهەڵاتی سوریا رویداوە و پێویستییەکی گەورەش ههیه به كۆمهكی مرۆیی، بەرپرسێکی لیژنەی باڵای رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی هەینی (26 تشرینی یەکەم) رایگەیاند.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه دوای سەردانیکردنی پێگەی پێشووی ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوەی دیمەشق، بەرپرسی کارەکانی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی، دۆمینیك ستیڵهات، وتی هێشتا ماوێتی قەبارەی وێرانکاریەکە دەربکەوێت، شەش مانگ دوای کۆتایهاتنی شەڕهكه.
وتیشی: "من بەڕاستی زۆر نیگەرانبووم بە ئاستی ئهو وێرانكارییهی لە رۆژهەڵاتی غوتە چاومانپێکەوت. هەرگیز شتی لەمشێوەیەم پێشتر نەبینیوە."
دوای سهندنهوهی رووبەرێکی گەورە لەدهست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، رژێمی سوریا چاوی بڕیە گرتنەوەی رۆژهەڵاتی غوتە لەسەرەتای ئەمساڵدا و ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی بە پشتیوانیی روسیا ئەنجامدا.
زیاتر لە 1,700 مەدەنی لەو هێرشەدا کوژران و دەیان هەزار کەسیش هەڵهاتن لهكاتێكدا ناوچەکانی شارەکە یەك بەدوای یەکدا خۆیان بەدەستەوەدهدا.
دانیشتوان بەکەمی گەڕاونەوە بۆ ناوچەکە بەڵام نهبوونی ژێرخان و ترسی دەستگیرکردن و مەترسی بۆمبه نەتەقیوەکان رێگرن لە گەڕانەوەی بەکۆمەڵ.
ستیڵهات وتی: "لەهەندێك ناوچەی رۆژهەڵاتی غوتە وەك حەرەستا کە ئێمەی لێبووین، زیاتر لەسەدا 90ی ژێرخانهكه بەتەواوی تێکشکاوە. بەڕاستی ههژێنهره، ئاستی وێرانکاریەکە لەوێدا."