رۆژێك دوایئەوەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا پلانی بەجێهێشتنی پۆستەكهی راگەیاند، بەرپرسی کاروباری کۆمەکی مرۆیی لەو وڵاتەی بەهۆی شەڕەوە وێرانبووە، پێنجشەممە (18 تشرینی یەکەم) رایگەیاند ئەویش مانگی داهاتوو دەست لەکار دەکێشێتەوە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
بەرپرسی کاروباری مرۆیی، جان ئێگەلاند، لە جنێڤ بە رۆژنامەوانانی وت: "منیش لە کۆتایی تشرینی دووەمدا دەست لەکار دەکێشمەوە."
ئەم وتانەی ئێگەلاند دوایئەوە هاتن کە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا، ستافان دی مستورا، چوارشەممە وتی کۆتایی مانگی داهاتوو دەست لەکاردەکێشێتەوە دوای چوار ساڵ لەو پۆستە گرنگەدا.
ئەو دیپلۆماتە بەرەگەز ئیتاڵی-سویدیە کە سێیەم نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ سوریا لەماوەی شەش ساڵدا، وتی به "هۆکاری تەواو کەسی" پۆستهكهی بهجێدێڵێت و وتی پێویستی بەوەیە "کەمێك گرنگی" بەخێزانەکەی بدات دوای کاتێکی زۆر کارکردن لەو پۆستەی خواستێکی زۆری لەسەرە.
ئێگەلاند پێنجشەممە جەختی لەوە کردەوە پێشتر بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەی داوە لە تشرینی دووەمدا کاتێك گرێبهستهكهی مانگی رابردوو نوێکرایەوە، ئەمەش "بهڕێکەوت" بوو کە ئەو و دی مستورا لە یەك کاتدا دەست لە کار بکێشنەوە.
وتیشی ئەو سێ ساڵەی کارکردن "زۆر تاقهت پروکێن" بوون، بەتایبەتی کە کارێکی هەمیشەیی هەیە وەك بەرپرسی رێکخراوی ئەنجومەنی کۆچبەرانی نەرویجی.
هەردوو پیاوهكه لەکاتێکدا دەڕۆن کە هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە حەوت ساڵهیە هیچ نیشانەیەکی پێشوەچوونی بەخۆیەوە نەبینیوە.