هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی سوریای دیموکرات: تێکشکاندنی داعش لە رۆژهەڵاتی سوریا کاتی زیاتری دەوێت لەوەی چاوەڕوان دەکرا

شەڕی گرتنه‌وه‌ۆ ناوچەیه‌كی بیابانی له‌ رۆژهەڵاتی سوریا لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کاتێکی "زۆر زیاتری پێدەچێت لەوەی چاوەڕواندەکرا،" هێزەکانی سوریای دیموکرات پێنجشەممە (16 تشرینی یەکەم) بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند.

ئەو شیکارییە دوای ئەوە هات کە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداییدا لەوەی شەڕی هاجین لە پارێزگای دێرە زووری رۆژهەڵاتی سوریا کاریگەرییەکی "کوشندەی" بۆسەر هەزاران مەدەنی هەبوو.

ئەو هاوپەیمانێتیه‌ عەرەب-کوردە لە پێکدادانەکاندا گیریخواردووە بۆ ماوەی مانگێك بەهۆی حەشارگەکانی داعشەوە لە هاجین و گوندەکانی دەوروبەری، بەڵام پێکدادانەکان خاوبوونەوە بەهۆی بارودۆخی نالەباری کەش و هەوا و بەرگریکردنی سەختی توندڕەوانه‌وه‌.

فەرماندەیەکی باڵای هێزەکانی سوریای دیموکرات، رێدور خەلیل، وتی: "ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی هاجین کاتێکی زۆر زیاتریان دەوێت لەوەی چاوەڕێدەکرا. داعش زۆر سوود لە هۆکاری کەش و هەوا وەردەگرێت، له‌وانه‌ خۆڵباران. ئەوە یارمەتیی داون خۆیان لە فڕۆکەی چاودێری و میکانیزمەکانی تری چاودێری بشارنەوە."

خەلیل وتی ناوچەی دەوروبەری هاجین فراوان و وشکە و "گەورەترە لە تەنیا حەشارگەیەك."

وتیشی هێزەکانی سوریای دیموکرات مەزەنەدەکات نزیکەی 3,000 شەڕکەری داعش بەرگری لە ناوچەکە بکەن و تۆڕێکی گەورەی خەندەق و بەربەست و تەقەمەنییان داناوە بۆ رێگریکردن لە پێشڕەویی هێزەکانی سوریای دیموکرات.

هەروەها وتی: "زۆربەی شەڕکەران لە هەرێمی هاجین بیانین و ئەزمونی شەڕیان هەیە."

هاجین یەکێکە لە دوایین پێگەكانی داعش لە سوریا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500