هه‌واڵه‌كانی عێراق

رێکخراوانی کۆمەکبەخش نیگەرانن لە نزیکبوونەوەی کاتی کۆتایی بۆ هێرشی سەر ئیدلیبی سوریا

رێکخراوانی کۆمەکبەخش هەینی (12 تشرینی یەکەم) هۆشدارییاندا سەبارەت بە دەرەنجامی قەیرانێکی مرۆیی خراپ ئەگەر رێکەوتنی رێگرتن به‌ هێرشی رژێم بۆسەر دوایین پێگەی بەهێزی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەتەواوی لەچەند رۆژێکدا جێبەجێنەکرێت، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

روسیا و تورکیا مانگی رابردوو رێکەوتن له‌سه‌ر دامەزراندنی هەرێمێکی ناسەربازی بەدەوری پارێزگای ئیدلیبدا بۆ جیاکردنەوەی شەڕکەرانی ئۆپۆزسیۆن و گروپە توندڕەوەکانی ناوی لە رژێمی سوریا و شەڕکەرانی هاوپەیمان کە لە قەراخ پارێزگاکە کۆبوونەته‌وە.

بەگوێرەی رێککەوتنەکە، گروپە توندڕەوەکان هەتا دووشەممە مۆڵەتیان هەیە لە هەرێمە ناسەربازیەکە پاشەکشە بکەن کە بە نیمچەبازنه‌یی دەوری ناوچه‌یه‌ك ده‌دات كه‌ نزیکەی سێ ملیۆن کەس لێی ده‌ژین، بەڵام تائێستا هیچ نیشانەیەکی پاشەکشەیان پیشاننەداوە.

رێکخراوە کۆمەکبەخشە نێودەوڵەتیەکان کە لە ئیدلیب کاردەکەن، هەینی هۆشدارییاندا لەوەی جێبەجێنەکردنی رێکەوتنەکە لەوانەیە ببێته‌هۆی دەستپێکردنەوەی توندوتیژی و ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆر.

وتیان رێکخراوە نێوخۆییە هاوبەشەکان و ئەو مەدەنیانەی هاوکاری مرۆیی وەردەگرن "ترسیان لەوە نیشانداوە كه‌ لەماوەی چەند رۆژێکی کەمدا توندوتیژی لەگرێژنە دەربچێت ئەگەر رێکەوتنەکە شکستبهێنێت یان شەڕ لەو ناوچانە رووبدات کە لە رێکەوتنەکەدا نەهاتوون."

رێکخراوەکانی كه‌یر ئینته‌رناشناڵ، لیژنەی رزگارکەرانی نێودەوڵەتی، مێرسی کۆر و منداڵپارێز لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند: "تەنانەت هێرشێکی سەربازی سنوورداریش دەبێتەهۆی ئاوارەکردنی سەدان هەزار کەس."

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی نیوەی ئەو خەڵکەی لە ئیدلیب دەژین لە بەشەکانی تری وڵاته‌وه‌ لە ماڵەکانیان هەڵهاتوون و زۆربەیان لەزووەوە پشت بە کۆمەکی مرۆیی دەبەستن.

بەڕێوبەری رێکخراوی لیژنەی رزگارکەرانی نێودەوڵەتی لە سوریا، لۆرێین براموێڵ، هۆشداریدا کە "ئەگەر ئەم رێکەوتنە شکستبهێنێت و ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەستپێبکات، چەند سەد هەزار کەسێك توشی گرفتی ده‌ستنه‌گه‌یشت بەو کۆمەکە دەبن کە زۆر پێویستیانە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500