رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) چوارشەممە (26 ئەیلول) هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی نوێی لە ئێران کرد، دوای چەند رۆژێك لە راگەیاندنی بەرپرسیارێتی لە هێرشێکی کوشندە بۆسەر نمایشێکی سەربازی لە بەشی باشوری رۆژئاوای وڵاتەکەدا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
گروپەکە لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی تەلەگرامی ئاڵوگۆڕی پەیام رایگەیاند كه ئێران "لە تۆڕی جاڵجاڵۆکە تەنکترە و بە پشتیوانی خوا ئەوەی داهاتوو خراپتر و تاڵتر دەبێت."
دەسەڵاتدارانی ئێران "جیهادیە جیاخوازهكان"یان تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی هێرشەکەی شەممە لە شاری ئەهوازی باشوری رۆژئاوا کە بووە هۆی کوژرانی 24 کەس، لەنێویاندا منداڵێکی چوار ساڵان و چەند مەدەنییەکی تر.
هێرشەکە نمایشێکی سهربازیی کردە ئامانج لە پارێزگای خوزستان لە یادکردنەوەی شهڕی 1980-1988 لهنێوان ئێران و عێراقدا.
ئەو ناوچەیەی سەرسنوور، کە شوێنی نیشتهجێبوونی ژمارەیەکی زۆری عەرەبە، پێگەی سەرەکی شەڕەکە بوو، لە 2005 و 2011 كێشهی ئێتنیی بەخۆیەوە بینی.
بەرپرسانی ئێران لەسەرەتادا جوداخوازە عەرەبەکانی به ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبارکرد و رایگەیاند كه ئەوان لەپشت ناسەقامگیریەکانی پێشووهوه بوون و لەلایەن هەندێك وڵاتی کەنداوەوە پشتیوانیدەکرێن.
ئەو تۆمەتبارکردنە زیاتر پتهوتر بوو کاتێك گروپێکی جوداخوازی عەرەبی بەناوی "بەرخۆدانی نەتەوەیی ئەهواز" بەرپرسیارێتی راگەیاند دوای ماوەیەکی کورت لە هێرشەکە.
بەڵام داعشیش خێرا بوو لە راگەیاندنی بەرپرسیارێتی و دواتر گرتە ڤیدیۆیەکی چەند پیاوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند كه ئەوان هێرشکارەکان بوون.
لە تۆمارێکی دەنگیدا کە سێ خولەکە و چوارشەممە بڵاوکرایەوە، وتەبیژی ئەم گروپە توندڕەوە، ئەبو حەسەن موهاجیر، وتی ئێران "هێشتا بەهۆش خۆی نەهاتۆتەوە لەو شۆکە تۆقێنەرە و بەئیزنی خودا ئەمە دوایین هێرش نابێت."
لە 7 حوزەیرانی 2017 لە تاران، 17 کەس کوژران و دەیانی تریش برینداربوون لە چەند هێرشێکدا له ههمانكاتدا بۆسەر پەرلەمان و مەزارگەی سەرکردەی شۆڕش، ئایەتولـڵا خومەینی -- کە یەکەمین کردەوەی ناو ئێران بوو داعش بەرپرسیارێتییهكهی لەئەستۆ بگرێت.