هه‌واڵه‌كانی عێراق

سەدان هەڵدێن له‌كاتێكدا سوریا و روسیا لە ئیدلیبی بنکەی ئۆپۆزسیۆن ده‌ده‌ن

سەدان مەدەنی هەڵاتوون لە گوندەکانی نزیك بە هێڵی پێشەوە لە پارێزگای ئیدلیب له‌ سوریا لەترسی هێرشێکی چاوەڕوانکراوی رژێم بۆسەر دوایین بنکەی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتەکە، ئاژانسی فرانس پرێس پێنجشەممە (6 ئەیلول) رایگەیاند.

هێزەکانی حکومەت، پاڵپشت بە روسیا، ماوەی چەند هەفتەیەکە کۆدەبنەوە لەو پارێزگایەی باکوری خۆرئاوا، لەکاتێکدا سێشەممە مۆسکۆ یەکەمین هێرشە ئاسمانیەکانی خۆی بۆسەر ئۆپۆزسیۆن ئەنجامدا لە سێ هەفتەدا.

روانگەی سوری بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند كه‌ درەنگانێکی چوارشەممە سەدان گوندنشین ناوچەکانی خۆیان جێهێشت لە باشوری خۆرهەڵاتی پارێزگاكه‌، کە نزیکە لە خاکی ژێردەستی حکومەتەوە.

روانگەکە رایگەیاند كه‌ بەرەو باکور و خاکی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن دەچوون لە پارێزگای حەلەبی هاوسێ.

سەرۆکی روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان وتی: "نزیکەی 180 خێزان، یان نزیکەی 1,000 کەس" لە درەنگانێکی چوارشەممەوە بەڕێکەوتوون.

هاوکات، کارمەندانی فریاگوزاری پێنجشەممە رایانگەیاند کە ناچاربوون کارکردن بوەستێنن دوای ئەوەی هێرشە ئاسمانیەکان بنکەکەیانی تێکدا.

هێزی فریاگوزاریی کڵاوسپییەکان رایگەیاند كه‌ بەیانی پێنجشەممە زنجیرەیەك موشەك و تۆپ لە بنکەکەیانی دا لە تەمەنا لە باشوری ئیدلیب، دواتریش چەند هێرشێكی ئاسمانی بەدوایدا هات.

سەرۆکی بنکەکە، موسعەب قەدور، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت لەوکاتەی کە دەیان تۆپ و موشەك لە بنکەکەی ده‌دا، لەنێویدا بووە.

قەدور وتی: "کە تۆپباران وەستا، خێرا هاتینەدەرەوە. نزیکەی 15 خولەك دواتر سیخۆی 24 (فڕۆکەی روسی) بنکەکەی کردە ئامانج، کە وایکرد لە کاربکەوێت."

وتیشی: "پێشئەوەی فڕۆکەکان بیکەنە ئامانج، ئامێرەکانمان هێنایەدەرەوە و هەمووشمان سەلامەتین."

گروپە مرۆییەکان و نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشدارییانداوە کە هەر هێرشێك بۆسەر ئیدلیب مەترسی "کارەساتی مرۆیی" لێدەکرێت.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ژان یڤس لۆ دریان، پێنجشەممە هۆشدارییدا کە مەترسی "كاره‌ساتێكی مرۆیی گه‌وره‌" هەیە لە ئیدلیب.

وتی: "رژێمی بەشار ئەسەد دەیەوێت بەڕێگەی سەربازی ئیدلیب بگرێت و هەموولایەك ئاگاداردەکەینەوە لە مەترسی ئه‌وه‌ی كاره‌ساتێكی مرۆیی گه‌وره‌ی لێیبکەوێتەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500