ئامارە مەدەنیەکانی سوریا مردنی 68,000 کەسیان له وڵاتەکەدا تۆمارکرد لە 2017، بەرپرسی ئامارە مەدەنیەکان، ئەحمەد رەحال، پێنجشەممە (9 ئاب) رایگەیاند.
رۆژنامەی وەتەنی نزیك لە رژێم لە زاری رەحالەوە رایگەیاند: "ساڵی رابردوو، مردنی 68,000 کەس پشتڕاستدەکەینەوە بەبێ دیاریکردنی سروشتی مردنەکان و ئەمساڵیش 32,000 کەس مردوون."
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه رەحال هیچ وردەکارییەکی تری نەدرکاند سەبارەت بەوانەی مردوون، یان لە کام بەشەی سوریا ژیانیان لەدەستداوە یان ئاخۆ قوربانیی ململانێ بەردەوامەكان بوون.
ئەو هەواڵەی پێنجشەممە لەکاتێکدایە کە چالاکوانان دەسەڵاتدارانیان تۆمەتبارکرد بە نوێکردنەوەی ئامارە مەدەنیەکان بۆ دیاریکردنی ئەوانەی لە بەندیخانەکانی رژێمدان وەك "مردوو" کە هەندێکیان بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێنەوە.
بەرگریکارانی مافی مرۆڤ دەڵێن دەیان هەزار سوری لە گرتوخانەکانی حکومەتدان لەسەرانسەری وڵاتدا.
کەسوکار و لایەنگرانی بەندکراوان دەڵێن زۆربهی كات ئەشکەنجە دەدرێن و لە دادگاییکردنی عادیلانە بێبەشکراون و لە پەیوەندیکردن بە خێزانەکانیان بێبەریکراون.
بەڵام رەحال وتی کارمەندانی تۆماری مەدەنی خانەی "ونبوو" لەسەر فۆرمەکانیان نیە تا هێڵی راستی لێبدەن.
"ئەگەر بەڵگەنامەیەك لەهەر دامودەزگایەکی حکومیەوە بێت -- نەخۆشخانە بێت یان شوێنێکی تر -- بۆ پشتڕاستکردنەوەی کەسێکی مردوو، ئەوە پشتڕاستدەکرێتەوە بەبێ دیاریکردنی ئەوەی ئاخۆ ونبووە یان نا."
تۆڕی مافی مرۆڤی سوریا لەم مانگانەی دواییدا كهیسی نزیکەی 400 کەسی تۆمارکردووە، لەنێویاندا هی نۆ منداڵ کە کارمەندانی تۆماری مەدەنی بە خێزانەکانیان وتووه کە کەسوکاره گیراوهكانیان مردوون.
تۆڕەکە راشیەگهیاند كه نزیکەی 80,000 کەس بەزۆرەملێ لەلایەن حکومەتەوە بێسهروشوێنكراون.