هه‌واڵه‌كانی عێراق

مۆزەخانەی بەریتانی ئاسه‌وارە دزراوەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ عێراق

مۆزەخانەی بەریتانی پێنجشەممە (9 ئاب) رایگەیاند کۆمەڵێك ئاسه‌واری دزراوی 5,000 ساڵ كۆن کە لە 2003 به‌ بازرگانێکی لەندەن گیراوە، دەگەڕێنێتەوە بۆ عێراق.

ئەو هەشت پارچە ئاسه‌واره‌ لەلایەن پۆلیسەوە لە ئابی هەمان ساڵدا دەستی بەسەرداگیرا دوایئەوەی بازرگانەکە سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو لە پەیداکردنی بەڵگەی خاوەندارێتی و سەرەتای ئەمساڵ بەمەبەستی شیکاری بۆ مۆزەخانەکە نێردران.

سێ لە پارچە ئاسه‌وارەکان نوسینی سۆمەرییان لەسەربوو کە شوناسیان دەگەڕێتەوە بۆ پەرستگای ئێنینو لە شاری دێرینی گیرسو کە ئێستا بە تێلۆ ناسراوە لە باشوری عێراق.

ناسینەوەیان ئاسانتربوو بەهۆی ئەو راستیەی کە تێلۆ یەکێك بووە لەو شوێنەوارانه‌ی مۆزەخانەی بەریتانی لە 2016وە لێی راهێنان بە شوێنەوارناسە عێراقیەکان دەکات.

مۆزەخانەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "پارچەکانی تریش هاوشێوەی ئەو ئاسه‌وارانەن کە له‌ هه‌ڵكۆڵینه‌كاندا ده‌ركه‌وتوون له‌ تێلۆ و زۆریش پێدەچێت هه‌ر لەو شوێنە ده‌رهاتبن."

پێدەچێت پارچە ئاسه‌وارەکان لە شەودا لەلایەن ژمارەیەکی کەمی خەڵکەوە لەماوەیەکی کەمدا بردرابن -- قەبارەی تاڵانیه‌كه‌ زۆر سنووردارە بە بەراورد بە شوێنەکانی تری باشوری عێراق.

ئاسه‌واره‌كان بەشێوەیەکی فەرمی رادەستی باڵوێزخانەی عێراق دەکرێنەوە لە ئاهەنگێکدا هەینی لە مۆزەخانەکە کە لەوێوە دەبرێنەوە عێراق.

باڵوێزی عێراق، ساڵح حسین عەلی، سوپاسی ستافی مۆزەخانەکەی کرد بۆ "هه‌وڵه‌ بێوێنەکانیان" لە ناسینەوەی ئاسه‌وارەکاندا.

عەلی لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن مۆزەخانەکەوە بڵاوکرایەوە وتی: "ئەو جۆرە هاوکارییە لەنێوان عێراق و بەریتانیادا گرنگە بۆ هێشتنه‌وه‌ و پاراستنی فەرهەنگی عێراق."

"پاراستنی ئاسارەکان بەرپرسیارێتییەکی نێودەوڵەتییە و ئێمە لە عێراق سوپاسی ئەو هەماهەنگیە جیهانیە دەکەین بۆ پاراستنی كه‌له‌پووری عێراق و گێڕانەوەی پارچە دزراوەکان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500