گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان کە چەند شارۆچکەیەكیان لەژێردەستدایە لە باشوری سوریا هەینی (29 حوزەیران) داوای رێککەوتنێکیان کرد بۆ گرتنیان لەلایەن رژێمەوە لە بەرامبەر کۆتایهێنان بە بۆردومانه چڕهكان، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
رژێمی پاڵپشت بە روسیا چەند بەشێکی پارێزگای دەرعای ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن بۆردوماندەکات لە 19 حوزەیرانەوە و داوا لە شەڕکەرانی ئۆپۆزسیۆن دەکات خۆیان بەدەستەوەبدەن.
میدیای دەوڵەتی سوریا رایگەیاند كه سێ شارۆچکە لە رۆژهەڵاتی دەرعا رازیبوون بە گرتنیان لەلایەن رژێمەوە لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا و هەینیش چەند راپۆرتێکی سەرەتاییان بڵاوکردەوە کە شەڕکەران لە چوار شارۆچکەی تر "رازیبوون چەکەکانیان بهدهستهوهبدهن."
روانگەی سوری بۆ مافهكانی مرۆڤ رایگەیاند هەینی هەشت شارۆچکە لە دانوساندا بوون سەبارەت بە ئەگەری گرتنیان لەلایهن رژێمەوە.
روانگەکە رایگەیاند: "وتوێژ هەیە لەنێوان روسەکان لەلایەك و باڵەکانی ئۆپۆزسیۆن لەلایەکی ترەوە لەڕێی نێوەندگیرە نێوخۆییەکانەوە سەبارەت بە چارەنوسی هەشت شارۆچکە لە دەوروبەری دەرعا."
بەرپرسی روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان، وتی ئەندامانی پۆلیسی سەربازی روسیا سەرپەرشتی وتوێژەکەیان دەکرد بۆ هەر شارۆچکەیەك بەجیا.
وتیشی: "زۆربەیان وادەردەکەون بیانەوێت لەگەڵ رژێم ئاشتببنەوە،" کە بهو پێیهش شەڕکەرانی ئۆپۆزسیۆن چەکه قورسهكانیان بدهن بهدهستهوه.