هه‌واڵه‌كانی عێراق

عێراقیەکان دەستدەکەن بە هەڵمەتێکی گەورەی پاککردنەوە لە موسڵ

سەدان ئۆتۆمبیل چوارشەممە (27 حوزەیران) برانە ناو شەقامە پڕ له‌ خۆڵوخاشاكه‌كانی موسڵ بۆ دەستکردن بە هەڵمەتێکی گەورەی پاککردنەوە، نزیکەی ساڵێك دوای ئەوەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لەشارەکە وەدەرنرا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

ئەو شارەی کە بەزۆری بێدەنگە لەوکاتەوەی هێزەکانی عێراق بەتەواوی لە 10 حوزەیران گرتیانەوە، شاری موسڵی کۆن بە هاڕەی بارهەڵگر و بلدۆزەر و شۆفڵ خەبەری بووه‌وە کە بەهێواشی بە گەڕەکە پڕ لە خۆڵوخاشاکەکانیدا تێده‌په‌ڕین.

بەرپرسی بەشی ئەندازیاری لە پارێزگای نەینەوا، جەمال سەلو، وتی: "زیاتر لە 300 ئۆتۆمبیل و بارهەڵگر بەشدارییانکرد" لە یەکەم رۆژی هەڵمەتەکەدا بۆ پاککردنەوەی به‌شه‌ دێرینه‌كه‌ی شاره‌كه‌.

وتیشی: "ئەمە یەکەم هەڵمەتی لەو شێوەیەیه‌ و زیاتر لە 10 ملیۆن تەن خاشاكی لێیە."

هەندێك لە شەقامە هەرە بەرتەسکەکانی شاری دێرین دەبێت بەدەست پاکبکرێنەوە.

بەگوێرەی پارێزگاری نەینەوا، سوڵتان نەواف عاکوب، هەڵمەتی پاککردنەوەکە بەردەوامدەبێت تا ئاوارەکانی موسڵ دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

سەباح محەمەد، تەمەن 53 ساڵ، کە هێشتا نەگەڕاوەتەوە بۆ ماڵەکەی لە موسڵ، وتی: "ئێمە چیتر ئەو وێرانکاریەمان ناوێت. ئێمە ئاو و کارەبامان دەوێت و دەمانەوێت ماڵەکانمان بنیاتبنێینەوە."

بەگوێرەی ئەنجومەنی ئاوارەی نەرویجی تاکو مانگی تشرینی یەکەم هێشتا 700,000 عێراقی لە موسڵ و دەوروبەری ئاوارە بوون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500