هه‌واڵه‌كانی عێراق

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆتاییهێنان دەکات بە 'کردەوەی دوژمنکارانە' دوای چڕبوونه‌وه‌ی بارگرژی نێوان ئیسرائیل و ئێران

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گیتێرێس، پێنجشەممە (10 ئایار) داوای "دەستبەجێ وەستانی هەموو کردەوە دوژمنکاریەکانی" کرد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دوای چڕبوونه‌وه‌ی پێکدادانه‌ سەربازییه‌كانی لەنێوان ئیسرائیل و هێزەکانی ئێران لە سوریا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

گیتێرێس هەروەها داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد چالاکانە وریای کێشەکە بن و "شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتیەکەی" لەژێر پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

وتەبێژێكی گیتێرێس وتی: "سکرتێری گشتی داوای دەستبەجێ وەستانی هەموو کردەوە دوژمنکاریەکان و هەر کردەوەیەکی هاندەردەکات بۆ دوورکەوتنەوە لە ئاگرێکی نوێ لە ناوچەکەدا کە پێشتر توشی ناکۆکی ترسناك بووە لەگەڵ زیانگەیاندنی زۆر بە مەدەنیان."

ئیسرائیل چەندین هێرشی ئاسمانی دژی ئامانجەکانی ئێران ئەنجامدا پێنجشەممە له‌ وەڵامدانەوەی ئەوەدا كه‌ گوایا ئێران موشەكی گرتۆتە پێگەکانی لە بەرزاییە داگیرکراوەکانی جۆڵان.

هیچ کام لە 15 ئەندامەکه‌ی ئەنجومەنی ئاسایش ئامادەنەبوون داوای کۆبونەوەیەکی بەپەلە بکەن لەسەر بارودۆخەکە -- کە بووەتە هۆی داخوازی بۆ ددانبه‌خۆداگرتن له‌لایه‌ن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییه‌وه‌.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا داوای کۆبونەوەیەکی بەپەلە دەکەن، باڵوێزەکانی پۆڵەندا و روسیا و فەرەنسا و بەریتانیا هەموو وەڵامیاندایەوە: "له‌ئێستادا نه‌خێر."

باڵوێزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دانی دانۆن، چەند ناماەیەکی بۆ ئەنجومەنی ئاسایش و سکرتێری گشتی نارد و داوای كرد سەرکۆنەی "کردەوە سەرکەشیەکانی ئێران" بکەن. داواشی لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد "داوابکات ئێران ئامادەیی سەربازی لە سوریا نه‌هێڵێت".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500