هه‌واڵه‌كانی عێراق

عێراق ئەندامێکی داعشی بەلجیکی دادگاییدەکات

دادگایەکی عێراق پێنجشەممە (10 ئایار) دەستیکرد بە دادگایکردنی توندڕەوێکی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە هەڕەشەی هێرشکردنەسەر خۆرئاوای کردبوو لە ڤیدیۆی پروپاگەنده‌ییدا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

تاریق جادوون -- کە بە نازناوی ئەبو حەمزە بەلجیکی ناسراوە -- رەتیکردەوە "دانبنێت" بە تۆمەتەکاندا، لەنێویاندا ئەنجامدانی هێرش بۆسەر هێزە سەربازیەکانی عێراق کە ده‌شیا سزای لەسێدارەدانی بەسه‌ردا بسه‌پێنێت.

جادوون کە لە 1988 لەدایكبووە -- کە لە ئاب لە موسڵ دەستگیرکرا -- چووە بەردەم دادگای بەغدا کە جلێکی بێجی زیندانی لەبەردابوو لەگەڵ سەرێکی تاشراو و سمێڵێکی تەنك.

جادوون بە دادگای وت: "من شەڕکەر نەبووم، بەرپرسی گروپێکی پەرستارانی داعش بووم. چارەسەری هەموو کەسێکم دەکرد. من ونبووم و داوای بەزه‌یی تۆ دەکەم."

جادوون کە لەبنەڕەتدا مەغریبییە، وتی لەلایەن "یەکێك لە فەرماندە باڵاکانی داعشەوە" گوشاری لێکراوە لەو ڤیدیۆیانەدا دەربکەوێت کە هەڕەشەی هێرشکردنەسەر بەلجیکا و فەرەنسا دەکەن.

دادوه‌ر دادگاییەکەی دواخست بۆ 22 ئایار کە سەرچاوەیەکی یاساییش وتی دواخستنەکە بەهۆی ئامادەنەبوونی نوێنەرێكی دیپلۆماسیی تۆمەتبارەکەوە بوو.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500