هه‌واڵه‌كانی عێراق

بەرپرسێکی عێراقی: سەرکردەی داعش لە رۆژهەڵاتی سوریا گەشتدەکات لەگەڵ گروپێکی نزیك لەخۆی

سەرکردەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئەبوبەکر بەغدادی لە رۆژهەڵاتی سوریا خۆی حەشارداوە و لەو ناوەدا دەگەڕێت تەنیا لەگەڵ گروپێکی بچوکی شوێنکەوتوانی، لەنێویاندا یەکێك لە کوڕەکانی، بەرپرسێکی هەواڵگری عێراقی چوارشەممە (9 ئایار) رایگەیاند.

داعش سنووری دەشتە بیابانیەکەی بەدەستەوەیە و به‌درێژایی سنووره‌كه‌ له‌گه‌ڵ عێراق، سەرەڕای له‌ده‌ستدانی ناوچەیەکی زۆری "خەلافەتەکەی" له‌ هه‌ردوو دیوی سنوور لەچەند هێرشێکی سەربازیی جیاوازدا.

ئەو بەرپرسە باڵایەی عێراق وتی بەغدادی لە ناوچەکانی هەجین، شەدادی، سووار و مەرقەدە بووە و "بەیاوەریی چوار بۆ پێنج کەس گەشتدەکات، لەنێویاندا کوڕ و زاواکەی،" ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

بەرپرسەکە بەو مەرجەی ناوی بڵاونەکرێتەوە، وتی: "جوڵەکانی زۆر کەمن و هەرگیز بە كاروان گەشتناکات."

بەغدادی کە لە بنه‌ڕەتدا خەڵکی عێراقە بەوە ناسراوە کە "سەرەکیترین پیاوی داواکراوە لەسەر گۆی زەویدا" و ئەمریکاش خەڵاتێکی 25 ملیۆن دۆلاریی داناوە بۆ دەستگیرکردنی.

بەرپرسە هەواڵگیریەکە وتی پەتی سێدارە لەو سەرکردەیەی داعش نزیكبوو دوایئەوەی هێزەکانی عێراق پێنج فەرماندەی باڵای داعشیان لە هەڵکوتانەسەریکی بێوێنەدا بۆ ناو خاکی سوریا دەستگیرکرد لە 24 ئازار.

وتیشی: "ئەفسەرانی هەواڵگریی عێراق چوونەناو سنوری سوریا و گەیشتنە ئەو ناوچانەی لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکراون."

هەروەها وتی ئەو پێنج کەسە لە ڤیدیۆی کوشتندا کەلەلایەن داعشەوە بڵاوکراونەته‌وە دەرکەوتوون کاتێك گروپەکە ناوچەیەکی فراوانی عێراقیان کۆنترۆڵکرد.

یەکێك لە دەستگیرکراوان، سەدام جەمال، کە شەڕکەرێکی پێشووی دژە حکومەتی سوریایە، بەگوێرەی راپۆرتەکان له‌لای هێزه‌كانی عێراق دانیناوه‌ بەوەدا کە ئەو چەکانەی بۆ داعش دابینکردووە کە لە سوپای سوریا دزراون.

بەرپرسەکە وتی 39 شەڕکەری داعش لە هێرشی ئاسمانیی سەر سنووردا لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە لە سوریا کوژراون لەماوەی چەند هەفتەیەکی کەمی رابردوودا و گروپەکە لەڕووی ژمارەوە "کەمبوونەوەیەکی سەختی" بەخۆیەوە بینیوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500