کەسێکی لەدایكبووی سوریا کە جنسیەی ئەڵمانی هەیە و تۆمهتباره بە یارمەتیدانی پلانی هێرشەکانی 11 سێپتەمبەری 2001 لە ئەمریکا لە سوریا دەستبەسەرکراوە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە، ئاژانسی فرانس پرێس هەینی (20 نیسان) رایگەیاند.
وتەبێژێكی پەنتاگۆن، ئێریك پاهۆن، پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا وتی: "دەتوانین ئەوە پشتڕاستبکەینەوە کە محەمەد حەیدەر زەممار کە لەدایكبووی سوریایە و ناسنامەی ئەڵمانی هەیە دەستبەسەرکرا زیاتر لە مانگێك لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە."
زەممار تۆمەتبارکراوە بە هاندانی هەندێك له رفێنەرهكانی قاعیدە لە 11 سێپتەمبەردا کە هێرشەکانیان ئەنجامدا بۆسەر واشنتۆن و نیویۆرك کە بوونە هۆی کوژرانی نزیکەی 3,000 کەس.
زەممار لە مۆسکۆ دەستبەسەرکرا لە کانونی یەکەمی 2001 لە ئۆپەراسیۆنێكدا بەبەشداری هەواڵگرانی سی ئای ئەی و رادەستی دەسەڵاتدارانی سوریا کرا دوای دوو هەفتە.
دادگایەکی سوریا زەمماری سزادا بە 12 ساڵ زیندانی لە 2007. بەڵام شەڕ لە سوریا دوای چوار ساڵ روویدا و زۆربەی زیندانیە توندڕەوەکان ئازادکران لە زیندان یان رایانکرد و چوون بۆ پەیوەندیکردن بەو گروپه توندڕهوانەوه كه له شەڕهكاندا بهشدارن.