ئاژانسی فرانس پرێس لە راپۆرتێکدا رایگهیاند كه پێنج پیاو دادگایکراون پێنجشەممە (5 نیسان) لە شارۆچکەیەکی بچوکی فەرەنسی کە لێوەی 20 چەکداری توندڕەو چوون بۆ شهڕ له سوریا و زۆربەیان نەگەڕاونەتەوە.
لونێڵ، کە شارۆچكەیهكی 26,000 کەسیە لە دەرەوەی شاری مۆنپێلیەی سەر دەریای ناوەڕاستە و کەوتە بەر سەرنج دوای ئەوەی گروپێك هاوڕێ وڵاتەکەیان بەجێهێشت و چوونە سوریا لە 2013 و 2014.
بڕوادەکرێت لانیکەم هەشت ئەندامی گروپەکە کوژرابن لە سوریا و حەوتی دیکەشیان لەوێ بێسەروشوێنبن.
ژمارە زۆرەکەی ئەو ئەندامانە لەو شارۆچکەیە بوون کە دەکەوێتە هەرێمی کامارگ، ناوچەیەکی دەشتایی کە بێکاری تێیدا زۆرە و یەکێك لەوان لە لێدوانێكدا کە لە بهنهێنی تۆمارکرابوو لە 2014 وتبووی: "لونێڵ ئەو شارەیە زۆرترین نوێنەرایەتی هەیە لە ریزەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا."
زۆربەی توندڕەوەکان، كه هەندێکیان ئایینیان گۆڕیبوو بۆ ئیسلام، هاوڕێی منداڵیی یەکتر بوون و دهچوون بۆ هەمان مزگەوت و شوێنی خواردەمەنی خێرا و بەیەکەوە تەمەشای ڤیدیۆ پرۆپاگەندەییەکانیان کردووە.
دوای ئەوەی گەیشتونەتە سوریا، چوونەتە ناو گروپێکەوە کە بەشێك بووە لە بەرەی نوسرەی پێشتر بەرلەوەی بچنەناو داعشەوە، کە لە 2014 بەشێکی سوریای گرت.
تەنیا پێنج ئەندامی ئەو گروپە لە فەرەنسا ماون و ئێستا دادگاییدەکرێن لەسەر ئەوەی دەستیان هەبووە لە پلانی تیرۆریستیدا.
کەیسی دادگاییەکە بڕیارە تا 11 نیسان بەردەوامبێت.