دادگایه‌كی بێلگراد چوارشه‌ممه (4 نیسان) سزای زیندانیی سه‌پاند به‌سه‌ر حه‌وت كه‌سدا به تاوانی چوونه‌نێو ریزه‌كانی گرووپه توندڕه‌وه‌كان و په‌یداكردنی چه‌كداران بۆ شه‌ڕ له سوریا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگه‌یاند.
تاوانباره‌كان "تۆمه‌تباركران به ئه‌نجامدانی كردوه‌ی تیرۆیستی و یارمه‌تیدانی دارایی تیرۆریزم و په‌یداكردن و راهێنانكردن به چه‌كداران" بۆ ئه‌وه‌ی بڕۆن بۆ سوریا، دادگایه‌كی تایبه‌ت به تاوانی رێكخراو له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند.
ئه‌وان تاوانباركراون به یارمه‌تیدانی دارایی له ناوچه‌كانی باڵكان و خۆرئاوای ئه‌وروپا و په‌یداكردن و راهێنانی ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی سربی بۆ گروپه‌كانی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش) و به‌ره‌ی نوسره‌ی پێشوو له سوریا.
چوار له تاوانباران تاوانه‌كه‌یان ره‌تكرده‌وه. سێ كه‌سه‌كه‌ی تر به‌غیابی دادگاییكران و حوكمدران. گومانده‌كرێت له سوریا كوژرابن.
ماوه‌ی سزای ئه‌و پیاوانه‌ی سزای زیندانییان بۆ ده‌رچووه له نێوان حه‌وت بۆ یانزه ساڵدایه.
پارێزه‌رانی تاوانباره‌كان رایانگه‌یاند كه تانه له بڕیاره‌كه ده‌ده‌ن.
مه‌زه‌نه‌ده‌كرێت نزیكه‌ی 1,000 كه‌س له خۆرئاوای باڵكان چووبن بۆ شه‌ڕ له سوریا و عێراق له 2012ه‌وه. به‌ڵام داتا فه‌رمییه‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه رۆیشتنه‌كان له 2016دا به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو نزمه‌بوونه‌وه‌ی به‌خۆوه‌بینیوه، ئه‌مه‌ش له دوای هێرشه‌كانی حكومه‌ت دێت بۆسه‌ر تووندڕه‌وه گومانلێكراوه‌كان.