توندڕەویکی فەرەنسی، ماكسیم هاوچارد، کەلەلایەن دەسەڵاتدارانی فەرەنسا و ئەمریکاوە داواکراوە لەوکاتەوەی لە گرتە ڤیدیۆیەکی کوشتنوبڕینی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا دەرکەوت، کوژراوە، سەرچاوەکانی نزیك لە لێکۆڵینەوەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان وت پێنجشەممە (15 ئازار).
یەکێك لە سەرچاوەکان وتی: "بەروار و چۆنێتی کوشتنی ئەو کەسە هێشتا نەزانراون بەڵام وادەردەکەوێت لە هاوینی 2017 کوژرابێت."
هاوچارد کە لە گوندێك له نۆرماندی گەورەبووه پێشئەوەی لە کاسۆلیزمەوە هەڵگەڕێتەوە بۆ ئیسلام، تەمەنی تەنیا 22 ساڵ بوو کاتێك بینرا چەقۆیەك دەنێتهسهر ملی کرێکارێکی کۆمەکبەخشی ئەمریکی، پیتەر کاسینگ لە گرتە ڤیدیۆیەکی تۆقێنەردا لە کانونی یەکەمی 2014.
ڤیدیۆکە هەروەها کوشتنی 18 سوری پیشاندا کە وەك كارمهندانی سەربازی ناسێنران.
فەرەنسا هەرزوو فهرمانێکی گرتنی نێودەوڵەتی دەرکرد و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش هاوچاردی خستەسهر لیستی رەشی ئهو "تیرۆریستە جیهانیانهی بەتایبەتی دهستنیشانكراون".
لێکۆڵەران دواتر بۆیان دەرکەوت کە هاوچارد لەرێگەی ئینتەرنێتەوە بووەتە توندڕەو و پەیوەندیكردووه بە سهكۆكانی توندڕەوانەوە بە نازناوی ئەبو عەبدولڕەحمان فەرەنسیەوە ("پیاوە فەرەنسیەکە")
لە ئابی 2013 چووەتە سوریا لەرێی تورکیاوە و بە خێزانەکەی وتووە ویستویەتی "یارمەتی برینداران" بدات لە شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەدا بەڵام لەراستیدا ببووه یهكێك لهوانهی كهسانی تریان بۆ داعش رادهكێشا.
هاوچارد لە تەمموزی 2014 بە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی فەرەنسای وت: "بۆ بەیعەتدان پێویستە یەکمجار بچیتە کەمپی مەشقکردن. قۆناغی یەکەم نزیکەی مانگێك دەخایەنێت. ئێمە هەندێك مەشق دەکەین، بەشداری ئۆپەراسیۆنەکان دەکەین و دوایئەوە دەگەڕێینەوە بۆ مەشقکردن. تەنها تیۆری نیه."
چەند مانگێك دواتر داعش ڤیدیۆکەی بڵاوکردەوە کە کوشتنی کاسینگ و سەربازە سوریەکان پیشاندەدات و تێیدا هاوچارد به دەموچاوی دانەپۆشراوەوە دهردهكهوێت.
هاوچارد لە کانونی یەکەمی 2015 دووبارە دەرکەوتەوە دوای چەند رۆژێکی کەم لە هێرشی تیرۆریستی سەر پاریس کە 130 کەسی تێدا كوژرا و لەسەر تویتەر هۆشدارییدا: "بەرازیل، تۆ ئامانجی دواترمانی،" وەك ئاماژەیەك بۆ ئۆڵۆمپیاتی هاوینەی 2016 لە ریۆ دی جانیرۆ.