هه‌واڵه‌كانی عێراق

ئەمریکا هەوڵێکی نوێ دەدات بۆ لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چەکی کیمیایی سوریا

ئەمریکا داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لێکۆڵینەوەی نوێ ئەنجامبدات لە هێرشی چەکی کیمیایی لە سوریا دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکان سەبارەت بە گومانی بەکارهێنانی گازی کلۆرین لە غۆتەی رۆژهەڵات، ئەمە بەگوێرەی رەشنوسی بڕیارێك کە دەست ئاژانسی فرانس پرێس کەوتووە پێنجشەممە (1 ئازار).

ئەم هەوڵەی ئەمریکا بۆ راگەیاندنی ئەو لیژنە نوێیە دوای سێ مانگ دێت لەدوایئەوەی روسیا لێکۆڵینەوەیه‌كی پێشووی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی وەستاند بە ڤیتۆکردنی نوێکردنەوەی ئەو لێکۆڵینەوەیە بەبیانوی ئەوەی لێکۆڵینەوەکە کەموکوڕی هەیە.

ئەو رەشنوسە کە چوارشەممە پێشکەشی ئەنجومەنەکە کرا داوا لە لیژنەی میکانیزمی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ ماوەی یەك ساڵ "بکەرانی هێرشەکانی چەکی کیمیایی دەستنیشان بکات."

لەگەڵ ئەوەشدا دیپلۆماتکارێکی ئەنجومەنەکە وتی پێناچێت روسیا پشتیوانی ئەو رێکارە بکات کە داوا لە لێکۆڵەرەوان دەکات "بەشێوەیەکی بێلایەنانە و سەربەخۆ و پشەییانە" کاربکەن.

لە کانونی دووەمدا روسیا رەشنوسی خۆی پێشکەشکرد کە لیژنەیەکی نوێ پێکدێنێت بەڵام دەسەڵاتدارانی رۆژئاوا گومانیان دەربڕی و وتیان ئەو پێشنیارە رێده‌دات بە رژێمی سوریا باڵاده‌ستیی هەبێت بەسەر هه‌ر لێکۆڵینەوەیه‌كدا ده‌رباره‌ی هێرشەکان لەسه‌ر خاكه‌كه‌ی.

روون نه‌بوو کەی رەشنوسی بڕیاره‌كانی ئەمریکا یان روسیا سەبارەت بە لێکۆڵینەوە له‌ چەکی کیمیایی سوریا دەخرێنە دەنگدانەوە.

رژیمی سوریا رەتیکردۆتەوە چەکی کیمیایی بەکارهێنابێت و روسیاش کە هاوپەیمانێتی لە شەڕەکەدا، گومانی لە ئەنجامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە کە سوریا هێرشی به‌ سارین و کلۆرین كردبێت.

دیپلۆماتکارانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێنجشەممە کۆبوونەوە بۆ تاووتوێکردنی رێکارەکانی رەشنوسەکەی ئەمریکا کە دوای چەند رۆژێك دێت لەوەی روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند منداڵێك خنکاوە و 13 کەسی تریش نەخۆشکەوتوون لە هێرشێکدا کە گوماندەکرێت به‌ کلۆرین بووبێت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500