هه‌واڵه‌كانی عێراق

پێنتاگۆن: هێرشی ئاسمانی بۆسەر دێرە زوور 'بەرگری لەخۆکردن' بوو

هێرشە ئاسمانیە کوشندەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆسەر هێزەکانی سەربە رژێم لە رۆژهەڵاتی سوریا بەتەواوی کارێکی بەرگریلەخۆکردن بوو، بەرپرسی پێنتاگۆن، جیم ماتیس، پێنجشەممە (8 شوبات) وتی، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

ماتیس وتی: "ئەوە بەرگریلەخۆکردن بوو. ئێمە لە شەڕی ناوخۆی سوریا تێوەناگلێین."

زیاتر لە 100 شەڕکەری لایەنگری رژێم کوژران کاتێك هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرپەچی پەلامارێکی دایەوە بۆسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پارێزگای دێرە زوور.

ماتیس روداوەکەی بە "ئاڵۆز" ناوبرد و وتی "لەبەر هەندێك هۆکار، هێزەکانی لایەنگری رژێم -- وه‌ دووبارە، ناتوانم هیچ روونکردنەوەیەکتان بدەمێ سەبارەت بەوەی بۆ دەیانەوێت ئەمە بکەن -- بەرەو پێگەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات جوڵان" کە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکای لێبوو.

وتیشی ئەو هێزانە دەستیانکرد بە بۆردومانکردن بە تۆپ. "ئەوان جوڵەیان دەکرد بە تانك و بەڕوونی بەرەو هەمان ئاراستە کە تەقەیان لێدەکرد. لەکۆتایی هەوڵه‌كانماندا بۆ بەرگریکردن لە خۆمان تۆپەکانیان تێكشكێنران، دوو تانکیان تێكشكێنرا و زیانی گیانییان هەبوو."

ماتیس وتی هاوپەیمانان بەخێرایی پەیوەندییانكرد بە هاوتا روسیەکانیانەوە بۆ هەوڵدان لەوەی دڵنیابن بارودۆخەکە سه‌رنه‌كێشێت و ئاماژەشی دا بەوەی "روسەکان لەوکاتەدا بەئێمەیان وت هێزیان لەو ناوچانە نیە".

شەڕەکە لە دووریی کەمتر لە 10 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی "هەرێمی هێورکردنەوە" روویدا کە لەلایەن ئەمریکا و روسیاوە دانراوە به‌درێژایی روباری فورات.

مۆسکۆ و واشنتۆن هەماهەنگیدەکەن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینیدا دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لەو ناوچەیەدا.

ماتیس وتی هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی تێبینی جموجۆڵی هێزەکانی سەربە رژێمی کردبوو لە ناوچەکەدا چەند رۆژێك پێشتر بەڵام ئەوان ده‌ستبه‌جێ هه‌ڵسوكه‌وتیان دوژمنکارانە نه‌بوو.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500